ڕۆژی 11ـی كانوونی دووەمی 2025، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبووەوە و پێی وتوون “ئەو بڕەی بۆ مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان-عێراق دانراوە هەموویمان خەرجکردووە و هیچ بڕێک نەماوە بینێرین”. دڵنیایشیدا لەوەی مووچەی ساڵی 2025ـی فەرمانبەران گەرەنتی کراوە.
هاوكات جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، “تەیف سامی وتی، سەقفێک دانراوە ناتوانین لەوە زیاتر خەرج بکەین، ئەو کورتهێنانەی هەبووە لەبەر ئەوەیە لە مانگەکانی پێشوو زیاتریان خەرجکردووە، ئەگەرنا ئێمە پارەی هەر 12 مانگی ساڵی 2024 ـمان خەرجکردووە”.
هەروەها جەمال کۆچەر جەختی لەوەکردەوە کە بەگوێرەی وتەکانی وەزیری دارایی بێت، هیچ بڕە پارەیەک بۆ مانگی 12ـی ساڵی 2024 نایەت، دابینکردنی مووچەی ساڵی 2025 گرەنتی کراوە.
لەمبارەیەوە ئیخڵاس دلێمی، جێگری سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە مووچەی مانگی 12، وتی، “ئەگەر كەمێكیش دوابكەوێت، بەڵام مووچەی مانگی 12 دەدرێت و نابێت بەغداد مووچە بە كەمووكوڕییەوە بنێرێت دەبێت تەواوكاری ئەو بڕەیە بنێرێت كە بۆ ئەو مانگە نێردراوە، دڵنیایی دەدەم كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان-عێراق نافەوتێت”.