ناوچەی ژێر پردی بەردینی مێژوویی چیتر پڕ نییە لە ئاو، بەڵکو بە هاوارێکی بێدەنگ پڕ بووە.
ئاوی خاسە، کە سەردەمانێک بە ناوەوەی کەرکووکدا دەڕژا و زیندوویی و جوانکاری بۆ شارەکە دەهێنا، ئێستا بەجێهێڵراوە تا وشک بێتەوە. زبڵ و خاشاک لە بنی ڕووبارەکەدا کۆدەبێتەوە و ئەمەش نەبوونی هەموارکردنی سروشتی بەرچاو دەخات و ئەو پردە بەردینییە مێژووییەی کە بەسەریدا دەبرێت ئێستا ڕووی لە دیمەنێکی ناکارامە کردووە.
وەک دەزگای تەبا، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کەسایەتی جیاواز لە بواری جیاواز لە کەرکووک ئەنجامدا، کە ئەو پرسە نەک تەنها لە ڕووی پرسی ژینگەییەوە بەڵکو لە ڕووی ڕەهەندە سیاسی و ئیداری و ئابوورییەکانیشەوە سەریهەڵدا. بانگەوازە هاوبەشەکە لە چاوپێکەوتنەکاندا هاتووە، ڕوون بوو: “دەبێت ئاوی خاسە بکرێتەوە و کەرکووک هەناسەیەک وەربگرێت”.
“پشتیوانی هەبێت دەیکەینە پێشینەی خۆمان لە ئەنجومەن”
ئەحمەد ڕەمزی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بە ئاوی خاسە ڕایگەیاند، “ئاوی خاسە بەشێکە لە ناسنامەی سروشتی و کولتووری کەرکووک، نەک تەنها دەتوانێت یارمەتی بدات بە دیمەنی سروشتی شارەکە بەڵکو زۆر بواری دیکەی وەک بازرگانی، گەشتیاری، و دامەزراندن لێی سودمەندبن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە پەیوەستە بە بارودۆخی وەرزیشەوە، هۆکارەکانی وەک وشکەساڵی و کەمی بارانبارین لەبەرچاو دەگیرێن”.
ئەحمەد ڕەمزی وتیشی، “هێشتا گرنگی بەو پڕۆژەیە دەدەین، پلانی جددی هەیە، بەڵام زەحمەتە بەبێ پشتیوانی حکوومەتی ناوەند بەرەو پێشەوە بچین، ئەم بابەتە پشتگوێ دەخرێت چونکە قەیرانی دیکە لە کەرکووک هەیە. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە لەبیرمان چووبێت. لەماوەی داهاتوودا لە ئەنجومەن ئەم بابەتە دەخەینە باسەوە و فشاری زیاتریش دەکەین”.
“ئەمە بابەتێکی سیاسییە، نایانەوێت کەرکووک پێشبکەوێت”
لەلایەکی ترەوە سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک سەبارەت بەم پرسە دەڵێت، “ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ٢٠٠٨وە وەستاوە، خەڵک چاوەڕوانە، بەڵام نایکەنەوە. چونکە نایانەوێت کەرکووک جوانتر بێت. ئەگەر ئەم ئاوە بکرایەتەوە، گەشتوگوزاری شارەکە زیندو دەبێتەوە. خەڵک شارەکەی خۆی هەڵدەبژێرێت لەبری ئەوەی شارەکانی تر هەڵبژێرن. بەڵام بیرکردنەوەیەک هەیە تەنانەت بەرگەی ئەمەش ناگرێت”.
ئەوەش دەخاتەڕوو، “هەروەک پرسی فڕۆکەخانەی کەرکووک، ئەمە پرۆژەیەکە کە سوودی بۆ ڕای گشتی هەیە، بەڵام تێکدەدرێت. پەیامی من ئەمەیە: سیاسەت لە خزمەت دوور بخرێتەوە. ئەم شارە چیتر شایەنی ئەوە نییە فەرامۆش بکرێت. ئەگەر ئاوی خاسە بکرێتەوە چارەنووسی کەرکووک دەگۆڕێت”.
“ئێمە شارێکی گەشتیارین لە کەرکووک، بەڵام تەنانەت باخچەشمان نییە”.
فیکرەت ساریگوڵ، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری ئاماژە بەوەدەکات، “٢٥ ساڵە ئاو بۆ خاسە-کەمان نایێت، پێیان وتین ‘ئاوی دەستکردیان لە دوبەی هێناوە، ئێمەش دەیهێنین’. بەڵام ئێمە هێشتا چاوەڕێین کەرکووک توانایەکی گەورەی هەیە تەنانەت ئەگەر ئاوی دەستکردیش بهێنرێت، ئەوە سوودێکی گەورەی دەبێت بۆ ئەم شارە”.
دەشڵێت، “وەک پیشەگەرێکی گەشتیاری دەپرسم: بۆچی خەڵکەکەمان دەچێتە شارەکانی دیکە؟ چونکە تەنانەت شوێنی هەناسەدانیش لە کەرکووک نەماوە، بە شاری گەشتیاری ناوی دەبەن، بەڵام تەنانەت باخچەیەکی شیاومان نییە”.
ڕاشیگەیاند،”ئەگەر ٢٠ ساڵ لەمەوبەر ئاوی خاسە بکرایەتەوە، ئەمڕۆ ڕووی کەرکووک دەگۆڕا. بەڵام بەداخەوە نە شارەوانی و نە هیچ دامەزراوەیەکی تر گرینگی پێنادەن. ئێمە بە سەرۆکە هاتووەکانمان دەوت، بەڵام کەس گرنگی پێنادات. ئەمە یەکەم خاڵێکی بینیی کەرکووکە، یەکەم شوێنی سەرنجە. تکایە چیتر درێژە بەمە مەدەن، چونکە ئەم دواکەوتنە تەنها لەدەستدانی ڕۆژەکان نییە، بەڵکو لەدەستدانی نەوەیەکە”.
“ئێمە کردارمان دەوێت نەک تەنها قسە”
خاوەن کۆمپانیای گەشتیاریەکی تر بە ناوی مستەفا سەرراف لەمبارەیەوە دەڵێت، “ماوەی ٨-٩ ساڵە ئومێدێک هەیە کە بکرێتەوە. سەددەکان ئامادەن، دەوروبەری ئامادەن، کافێ و چێشتخانەکان ئامادەن. خەڵکەکە ئامادەن. بەڵام ئاو نییە. بۆچی هێشتا ئەم پڕۆژەیە دەستیپێنەکردووە؟ ئاستەنگییەکان چییە؟”
ئاماژەی بەوەشکرد “ئێمە نامانەوێت تەنها بازرگانی بکەین، ئێمە دەمانەوێت ئەو شارە جوان بکەین کە تێیدا دەژین، ئاو لە هەر شوێنێکدا بڕوات ژیان هەیە. بەڵام پێدەچێت ئەم ئاوە لە ناوەڕاستی ململانێ سیاسییەکان گیربێت”.
وتیشی”ئەگەر ئاوی خاسە بکرێتەوە ژیانی کۆمەڵایەتی لە کەرکووک دەبوژێتەوە و چالاکییە ئابوورییەکان زیاتر دەبێت، ئەم شارە شایانی ئەوەیە”.
“ئەگەر بکرێتەوە هەمووان سەردەکەوین”
ئیبراهیم عیماد و محەمەد ئەحمەد، دوو فەرمانبەرانی کەرتی گەشتیارین و لەمبارەیەوە دەڵێن، “ئەگەر ئەم ئاوە بکرێتەوە نەک تەنها گەشتوگوزار دەبوژێتەوە، بەڵکو خەڵکیش دەتوانن هەناسەیەک وەربگرێت. خێزانەکان شوێنێک دەدۆزنەوە بۆ بەسەربردنی کات لەگەڵ منداڵەکانیان. هیچ شوێنێکی وا لەکەرکووک نەماوە، خەڵک ناچارە بچنە شارەکانی تر”.
ڕووبارێکی وشک و هیوایەکی چاوەروان
ئاو خاسە کە بە ناوەندی شاری کەرکووکدا دەڕژا، تەنیا ڕووبارێک نەبوو؛ شوێنێکی یادەوەری بوو، پردێک بوو لە ڕابردوو و ئێستا. ئەمڕۆ هێمای وازهێنانە. بەڵام خەڵک چاوەڕوانی کردەوەیەکی ڕاستەقینەیە لە دەسەڵات نەک تەنها لێدوانێک.
داواکارییەکان ڕوونن، چاوەڕوانییەکان ڕوونن:
“با ئاوی خاسە بکرێتەوە، کەرکووک جارێکی تر جوان دەبێتەوە”.
ئامادەكردن: مەلەك شاكر