عامر فەیاز، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا بانگهێشتی لوتکەی داهاتووی عەرەبی لە بەغداد دەکرێت، کە بڕیارە کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
عامر فەیاز، ئاماژەی بەوەشكرد، “بەرپرسانی عێراق بەنیاز نەبوون ئەحمەد شەرع بانگهێشت بکەن، بەڵام دوای کرانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕوویدا، ناچارن بانگهێشتی بکەن و وەک سەرۆکی نوێی سووریا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن”.
ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، “پێشتر حکومەتی عێراق سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراقی ناردبوو بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە، هەربۆیە لە لوتکەی عەرەبی ئامادە دەبێت”.
وتیشی، عێراق بە شێوەی فەرمی مامەڵەی لەگەڵ سووریا لە ژێر سەرکردایەتی ئەحمەد شەرعدا تەنیا لە ڕێگەی دۆسیەی ئەمنی کردووە، بەڵام لە ڕووی دیپلۆماسیەوە تاوەکوو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی نەبووە.