دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا لەلایەن دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا و بڵاوبوونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی، رۆژی 2ی حوزەیران پەرلەمان کۆدەبێتەوە و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن.
کاتژمێر 14:00ی ئەمڕۆ هەینی، 2ی حوزەیرانی 2023، یەکەمین دانیشتنی یاسایی وەرزی یەکەمی 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە، وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار، بەشێوەیەکی کاتی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان بەڕێوەدەبات.
سەرەتا دەوڵەت باخچەلی سوێندی یاسایی دەخوات و پاشان شەش گەنجترین پەرلەمانتاری ئەم خولە بەشێوەیەکی کاتی وەک ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتیی سوێندی یاسایی دەخۆن و دانیشتنەکە بەڕێوەدەبەن.
هەر بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمان، بە ریزبەندی ئەلفوبێ، پەرلەمانتاران بانگهێشتی سەکۆی تایبەتی ئەنجوومەنی گشتیی دەکرێن و سوێند دەخۆن، بەمەش بەفەرمیی لە شوێنی دیاریکراوی خۆیاندا لەنێو فراکسیۆنەکانیان دەستبەکار دەبن.
بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان؛ ئاکپارتی 268 کورسی، جەهەپە 169 کورسی، یەسەپە 61 کورسی، مەهەپە 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، سەرلەنوێ رەفاهـ 5 کورسی و پارتی کرێکاریی تورکیا 4 کورسییان بەدەستهێناوە. لەسەر ئاستی هاوپەیمانییەکانیش، هاوپەیمانیی جمهوور 323 کورسی، هاوپەیمانیی میللەت 212 کورسی و هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیی 65 کورسییان لە پەرلەماندا هەیە.