موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا رایگەیاند، لایەنەکانی سێیەکی پەکخەر بە پشتیوانی دادگا بونەتەهۆی دواخستنی پێکهێنانی حکومەت و ژیان و گوزەرانی خەڵکیان قورسترکردووە، سەرەڕای ئەوەش جەخت دەکاتەوە کە بەهیچ شێوەیەک هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی سێیەکی پەکخەردا ناکات و بە وتەی خۆی ناگەڕێتەوە بۆ بنەمای “پشک پشکێنە و گەندەڵی”.
لە وتارێكی ڤیدیۆییدا كە كەمێک لەمەوبەر بڵاوكرایەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر هێرشیكردەسەر لایەنە شیعییەكانی تر و تۆمەتباریكردن بەوەی نەیانهێشتووە حكومەت پێكبهێنێت.
سەدر روو لە سەركردەكانی تری لایەنە شیعییەكان رایگەیاند، “بەهۆی ئەم دۆخەوە حكومەتی زۆرینە پێكنەهێنراوە كە سوودی بۆ گەل هەبێت و حكومەتی ئێستاش ناتوانێت خزمەتی گەل بكات و سوودی پێبگەیەنێت”.
رێبەری رەوتی سەدر وتی، “تا کەی گەندەڵی و سازان باشترین بژاردە دەبێت بەلای ئێوەوە، لە کاتێکدا خەڵک ئازار دەچێژێت و هیچ یارمەتیدەرێک نییە، هەروەها وڵات بەهۆی بەردەوامی گەندەڵی، تیرۆر و رفاندن، دزینی سامانی گشتی دەناڵێنێت”.
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە وتارەکەیدا رایگەیاند، دادگە بووەتە لایەنگری سێیەکی پەکخەر، کە مەبەست لێی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییە.
موقتەدا سەدر دەشڵێت، رەتکردنەوەی پڕۆژەیاسای ئاسایشی خۆراک لەلایەن دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە بڕینی بژێویی خەڵکە و حکومەت دەستبەستراوە و ناتوانێت خزمەت بکات.
لە كۆتایی وتارەكەیدا موقتەدا سەدر تووڕەیی و بێزاریی خۆی نیشاندا لەوەی “مەترسیی ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و زاڵكردنی میلیشیاكان و پاشكۆیەتی كە عێراق-یان پڕكردووە لە دزی و رفاندن و كوشتن” بەسەر دۆخی سیاسیدا زاڵبوون و وتی، “زۆرینەی سیاسییەكانی عێراق بوون بە نموونەی گەندەڵی “.
دووپاتیشیكردەوە كە جارێكی تر عێراق ناگەڕێننەوە بۆ “سەردەمی پشكپشكێنە و گەندەڵی و تەوافوق”.