به‌هۆى بارانى وه‌رزییه‌وه، لافاوى به‌هێز ناوچه‌ى فراوانى له هه‌رێمى په‌نجاب له ڕۆژهه‌ڵاتى پاكستان گرته‌وه، و له ئه‌نجامدا هه‌زاران كه‌س ئاواره‌بوون.
سوپای پاكستان و تیمه‌كانی فریاگوزاری به به‌رده‌وامی خه‌ریكی ڕزگاركردنی خه‌ڵكی گونده زیانلێكه‌وتووه‌كانن به به‌كارهێنانی به‌له‌م و هێلیكۆپته‌ر، به‌گوێره‌ى ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌ساته‌كانی پاكستان، نزیكه‌ی ٢١٠ هه‌زار كه‌س له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا ناچار بوون ماڵه‌كانیان جێبهێڵن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی پاكستان، هیندستان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به زیادكردنی به‌ردانه‌وه‌ى ئاو دوای كردنه‌وه‌ی چه‌ند به‌نداوێك له دیوی تری سنووره‌كه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پاكستان پشتڕاستی كرده‌وه كه نیوده‌لهی پێشتر له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه دیپلۆماسییه‌كانه‌وه ئاگاداری كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام تائێستا هیچ لێدوانێكی فه‌رمی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هیندستانه‌وه نه‌دراوه.
جێی ئاماژه‌یه، پاكستان ڕووبه‌ڕووی سه‌ختترین وه‌رزی خۆی له چه‌ندین ده‌یه‌ی ڕابردوودا بووه‌ته‌وه، چونكه لافاو و داڕمانی زه‌وی زیاتر له ٨٠٠ كه‌سی كوشتووه له مانگی حوزه‌یرانی ڕابردووه‌وه.