وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رووداوەکانی ئاڵتوكۆپری ڕاگەیاند

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رووداوەکانی ئاڵتوكۆپری ڕاگەیاند

تەممووز 4, 2025 11:30
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رووداوەکانی ئاڵتوكۆپری ڕاگەیاند
0

لایک

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لەبارەی دانانی بەڕێوەبەرێکی کورد بۆ ناحیەی ئاڵتونكۆپری سەر بە پارێزگای کەرکووک، رایگەیاند، ئەو هەنگاوە “بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و نائومێدی لەنێو کۆمەڵگەی تورکماندا.” هەروەها دەڵێت، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری پێشهاتەکان دەکات.

ئەمڕۆ هەینی، رێكەوتی 4ـی تەمموزی 2025، ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە راگەیەندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردووی ناحیەی ئاڵتوكۆپری خستەڕوو.

ئۆنجو کەچەلی نووسیویەتی: “چاوەڕوانی سەرەکیمان ئەوەیە کە هاونیشتمانە تورکمانەکانمان بە شێوەیەکی شایستە لەناو پێکهاتەی سیاسی و دەوڵەتی عێراقدا نوێنەرایەتی بکرێن.”

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، پرسی نوێنەرایەتی تورکمانەکان لە کەرکووک “گرنگییەکی تایبەتی هەیە،” بەتایبەت لە دانان و ئەرک پێسپاردنەکان لە هەموو دامەزراوە گشتییەکاندا و لە سەرووی هەمووشیانەوە لە ئەنجوومەنی پارێزگادا.

سەبارەت بە دانانی بەڕێوەبەری نوێی ناحیەی ئالتونكۆپری، کەچەلی دەڵێت: “دانانی بەڕێوەبەرێکی ناتورکمان بۆ ناحیەی ئالتوكۆپریی کەرکووک، کە ناوچەیەکی تورکماننشینە، بە شێوەیەکی رەوا بووەتە هۆی دروستبوونی ناڕەزایەتی و نائومێدی لەنێو کۆمەڵگەی تورکماندا.”

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کردووە کە “ئارامی و سەقامگیری کەرکووک، کە بە عێراقێکی بچووککراوە دادەنرێت، کلیلی ئارامی و سەقامگیری تەواوی عێراقە،” راشیگەیاندووە کە وڵاتەکەی “لە نزیکەوە و بە هەستیارییەوە چاودێری پێشهاتەکانی کەرکووک دەکات.”

En az 10 karakter gerekli