لە رێگای تەباوە حیزبە ئیسلامییەکان هەڵوێستی فەرمی خۆیان لەسەر کورسی کۆتای پێکهاتەکان رادەگەیەنن..
پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی کوردستانی عێراق و کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکان، حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دابەشی دوو بەرە کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق، پێیوایە کە پشکی پێکهاتەکان مافی رەوای خۆیانە. بەڵام چەند حیزبێکی دیکە داوا دەکەن هەڵبژاردن بکرێتە چەند بازنەیەک و پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەشبکرێن.
ئەو یانزە کورسییەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عێراق دا بۆ پێکهاتە نەتەوەییەکان تەرخانکراوە، بۆ یەکەمجارە بۆتە کێشەی نێوان حیزبەکانی هەرێم، بەشێک لە لایەنەکان پێیان وایە کێشەکە بەوە چارەسەردەکرێت کە یانزە کورسییەکە لە دەست لایەنێکی دیاریکراو بسەنرێتەوە و بەشی هەموو لایەنەکانی لێبدرێت، بەشێکیش پێیان وایە چارەسەری دروست ئەوەیە کە ئەو پێکهاتانە نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت، چونکە رەگی کێشەکە ئەوەیە هەتا ئێستا هاووڵاتیانی ئەو پێکهاتانە بەناوی نوێنەرایەتیەوە قەیرانی نوێنەرایەتیان هەیە.
ناکۆکی نێوان فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق وێڕای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و پێکهاتەکەی، لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و بازنەکانی هەڵبژاردنیشە کە هەندێک لەگەڵ یەک بازنەیین و هەندێک لەگەڵ چوار بازنەیین بەپێی پارێزگاکانی هەرێم و هەندێکی دیکەش فرەبازنەیییان بەلاوە پەسەندە، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لایەنی سیاسی هەرێم داوا دەکەن کورسی کۆتای پەرلەمان کە تایبەتە بە پێکهاتەکان کەم بکرێتەوە، ئەمەش خاڵێکی ترە کە بابەتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنی دواخستوە.
وەک رۆژنامەی تەبا، بۆ وەرگرتنی راو بۆچوونی لایەنی گرنگی پێکهاتەی پەرلەمان کە حیزبە ئیسلامییەکانن لەسەر کورسی کۆتا، چاوپێکەوتنمان لەگەڵ دوو کەسی باڵای حیزبی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەنجامدا، ئەو دوو حیزبە ئیسلامییە بەشێکن لەو لایەنانەی کە راو سەرنجیان هەیە لە سەر شێواز و چۆنییەتی هەڵبژاردنی کورسی کۆتاکان.
لەسەرەتادا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ شوان رابەر، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری کوردستان، لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدا و تیایدا وەڵامی چەندین پرسیاری تایبەت بە کورسی کۆتای پەرلەمان دایەوە.
هەندێک لایەن خواستی ئەوەیان هەیە ژمارەی کورسی کۆتاکان کەمبکرێتەوە، بۆچوونی کۆمەڵی دادگەری لەمبارەوەیە چییە؟
“ئێمە بە زەڕووری دەزانین رێژەی ژمارەی کۆتاکان نەگۆڕێت”
هەرچەندە لە ئێستادا کێشمە کێشمێک لە ئارادایە لەسەر ئەوەی باس دەکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا شێواز و رێژەی پێکهاتەکان بگۆڕین و ژمارەی کۆتاکان دەستکاری بکرێت. ئێمە بە زەڕووری دەزانین رێژەی ژمارەی کۆتاکان نەگۆڕێت و لەمبارەیەوە مامۆستا عەلی باپیر هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی کە هەموولایەک ئاگاداربن، هەرکەسێک قسەی ناڕێک لەسەر کۆمەڵی دادگەری بکات ئەوا پێویستە بڕوای پێنەکرێت. ئێمەش وەکو کۆمەڵی دادگەری پێمان باشە ژمارەی کۆتاکان کەمنەکرێتەوە و وەکو خۆی بمێنێتەوە.
هەڵوێستی کۆمەڵی دادگەری بەرامبەر پێکهاتەکان و سیستەمی هەڵبژاردن چیین؟
“دەبێت پێکهاتەکان ئەوە دوپات بکەنەوە کە ئەوان بەشێک نین لە فراکسیۆنی پارتی یان یەکێتی”
من لێرەدا دەڵێم، پێویستە موراعاتی چەند خاڵێک بکرێت بۆ پێکهاتەکان بە تورکمان و کریستیان و ئەوانی تریشەوە، ئەوانیش:
یەکەم: پێویستە تۆماری تایبەتیان هەبێت. دووەم: دەنگدانی تایبەت لە رۆژی گشتیدابێت. سێ: نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، نەک خوانەکردە کەسێک ببێتە نوێنەری پێکهاتەیەک بەڵام لەژێر هێزێکی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان دەرچێت، ئەو مرۆڤە وابەستە بێت لە بڕیاری سیاسی و یاسایی لە پەرلەمان، نوێنەرایەتی تورکمان یان مەسیحی نەکات. بەڵکو لەژێر زەخت و فشار بێت هەروەکو لە رابردوو بینیمانە جارجارە فراکسیۆنی دەسەڵاتدار دەڵێت، “ئێمە زۆرینە بەکاردێنین” ئەوان وەکو پارتی ٤٥ کورسیان هەیە، ئەگەر باسی زۆرینە بکەن هەڵبەتا بە پاڵپشتی لایەنەکانە. ئێمە پێمان باشە بەراستی پێکهاتەکان ئەوە دوپات بکەنەوە کە ئەوان بەشێک نین لە فراکسیۆنی پارتی یان یەکێتی تا ئەوان ئیستیخدامی زۆرینە بکەن، وە ئەو کەسانەی دەبنە نوێنەر کادیری لایەنەکانی دیکە نەبن، بەڵکو نوێنەری راستەقینەی گەلەکەیان بن.
کۆمەڵی دادگەری لەگەڵ ئەوەدایە ژمارەی کورسی کۆتاکان کەمبکرێتەوە یاخود هەروەکو خۆی بمێنێتەوە؟
“حیزبی دەسەڵات نایێت لە دەنگی خۆی دەنگ بە کاندیدی تورکمان یاخود مەسیحی بدات”
بە تەئکید ئێمە نەمانوتووە ژمارەی کورسی کۆتاکان کەمبرێتەوە، بەرەی تورکمانیش رایگەیاندبوو کە سیستەمی کۆتا زۆر باش نییە، ئێمەش فیعلەن لەگەڵ ئەوەداین کە سیستەمێکی باش نییە. ئەوان ئاماژەیان بەوەدابوو کە لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی بەغداد داوایان کردبوو کە کۆتا نەمێنێت لە پارێزگای کەرکوک، چونکە “ئێمە لە کەرکوک ١٠٠ هەزار تورکمان دەبین”، کەواتە ئەگەر ئەو ژمارەیە بە هەقی خۆی هەمووی دەنگ بدات ئەوا دەتوانێت ٧-٨ کورسی بەدەست بێنێت، بەڵام ئەگەر بە کۆتا بێت، ئەوا دەکرێت گەلی تورکمان بەشداری لە هەڵژاردن نەکات کە وەکو پێویست هانیبدات و دەنگ بدات. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لایەنە دەسەڵاتدارەکان بەکاریاندەهێنن و کادیری خۆیان لەسەر لیستی ئەوان کاندید دەکەن و هەندێک دەنگیشیان بۆ دەدەن. بەڵام ئەگەر رێژەی دەنگهێنانی کادیرێکی کۆتا بەرزببێتەوە، بۆ نموونە نابێت لە ٢ هەزار یان ٣ هەزار دەنگ کەمتر بەدەست بێنێت، ئەوا ئەوکات جەماوەری تورکمان و خەڵکەکە باشتر بەشداری دەکات. هەروەها ئەو حیزبە دەسەڵاتدارەش نایێت لە دەنگی خۆی دەنگ بە کاندیدی تورکمان یاخود مەسیحی بدات. وەکو پێشتریش بینیمان لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو، کە لە چۆمان، ماوەت، حاجیئۆمەران تورکمان دەنگی بەدەستهێنابوو، ئێمە هەموومان دەزانین کە جەماوەری ئەو پێکهاتانە لەو شوێنانە نییە. بۆیە ئێمە پێمان باشە کە خەڵکانێک لەو پێکهاتانە دەرچن و نوێنەری راستەقینەوەی گەلەکەیان بن و سەربەخۆ بن و لەژێر ئەژموونی هیچ لایەنێکی دەسەڵاتدار نەبن. ئەمەش لە بەرژەوەندی پرۆسەی سیاسی، پەرلەمان و پێکهاتەکەشە.
لەلایەکی دیکەوە لایەنێکی دیکەی حیزبە ئیسلامییەکان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق یەکگرتووی ئیسلامییە، بۆ وەرگرتنی رای فەرمی حیزبەکەی لەسەر کورسی کۆتای پێکهاتەکان، لێدوانێکمان لە محەمەد هاودیانی: ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان وەرگرت.
هەڵوێستی فەرمی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر کورسی کۆتای پێکهاتەکان چییە؟
“یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان هەمیشە داکۆکیکارە بۆ ئەوەی کورسی کۆتاکان وەکو خۆی بمێنێتەوە”
ئێمە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ کەمکردنەوەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان نین، ئێمە پێمان وایە کورسی کۆتای پێکهاتەکان کورسی خۆیان بێت و تەعبیر لە ئیرادەی خۆیان و کاسایەتی خۆیان و بوونی خۆیان بکات. یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان هەمیشە داکۆکیکارە بۆ ئەوەی کورسی کۆتاکان وەکو خۆی بمێنێتەوە”.
“پێکاهاتەکان نابێت لەلایەن خەڵکانێکی تر فشاریان بخرێتە سەر”
بۆچوونی یەکگرتووی ئیسلامی لەسەر پێکهاتەکان لەپەرلەمانی کوردستان-عێراق چییە؟
وەکو یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ ئەوەین، نابێت بە هیچ جۆرێک پێکهاتەکان لەپەرلەمان لەلایەن خەڵکانێکی تر فشاریان بخرێتە سەر و ئیستیغلالی سیاسی بکرێن.