ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان.
لەمیانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاردرا بە دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان، کە ژمارەیان زیاتر لە 74 هەزار کەس دەبێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە سەرجەم ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێندرێنەوە کە لەسەردەمی حکومەتی کاربەڕێکەری مستەفا کازمی دەرکراون.
لە بەرواری 08-10-2021 بە دواوە مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر کاروباری حکومەتی بەڕێوەبرد و کۆمەڵێک بڕیاری دەرکردن؛ لەوانە، دامەرزاندنی کۆمەڵێک کەس لە پۆستە باڵاکان و لەسەر ئەم بنچینەیە دامەزراندنیان هەڵدەوشێتەوە لەوانەش رائید جوحی لە پۆستی سەرۆکی دەزگەی هەواڵگریی عێراق و موهەننەد رەحیم وەک راوێژکاری دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی وڵات.