سەدر سەرایا سەلام لە ڕەوتی شیعە جیا دەکاتەوە و دەیانخاتە ژێر فەرمانی حکوومەت

سەدر سەرایا سەلام لە ڕەوتی شیعە جیا دەکاتەوە و دەیانخاتە ژێر فەرمانی حکوومەت

ئایار 27, 2026 15:07
سەدر سەرایا سەلام لە ڕەوتی شیعە جیا دەکاتەوە و دەیانخاتە ژێر فەرمانی حکوومەت
0

لایک

موقتەدا سەدر، لە بڕیارێکی نوێدا ڕایگەیاند کە “سەرایا سەلام” بە تەواوی لە ڕەوتی شیعەی نیشتمانی جیا دەکاتەوە و دەیانخاتە ژێر فەرمانی حکوومەت، هاوکات داوای لە گرووپە چەکدارەکانی تری حەشدی شەعبیش کرد چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و کۆتایی بە پاشکۆیەتیی حزبی و تائیفی بهێنن.

موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی شیعەی نیشتمانی، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڕیاری دا بە جیاکردنەوەی تەواوەتیی باڵی سەربازیی ڕەوتەکەی (سەرایا سەلام) لە باڵی سیاسیی ڕەوتەکە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەم بڕیارە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی عێراق و دوورکەوتنەوە لەو مەترسییانەیە کە ڕووبەڕووی وڵات بوونەتەوە، بۆیە پێویستە سەرجەم هێزەکانی سەرایا سەلام بخرێنە ژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی دەوڵەت و بەرپرسی گشتیی پێکهاتە سەربازییەکانی وڵات”.

سەبارەت بە لایەنە مەدەنییەکانی سەر بە سەرایا سەلام، سەدر جەختیکردەوە کە دەبێت ئەو لایەنانە بگوێزرێنەوە بۆ سەر پڕۆژەی (البنيان المرصوص) کە پڕۆژەیەکی ئایینی و کۆمەڵایەتییە.

مەرجی ئەم گواستنەوەیەش ئەوەیە کە بەبێ هیچ جۆرە چەکێک، پۆشاکی سەربازی، یان بوونی بارەگا و ناونیشانی سەربازی بێت، تاوەکو سیمای چەکداری لەو دامەزراوانەدا نەمێنێت و تەنها لە چوارچێوەیەکی مەدەنیدا کارەکانیان ئەنجام بدەن.

سەدر لە ڕاگەیەندراوەكەیدا پەیامێک ئاراستەی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکان دەكات و دەڵێت، “پێویستە ئێوەش لە فەرمانە حزبی و تائیفییەکان دوور بکەونەوە”.

هەروەها داوای لە سەرجەم گرووپە چەکدارەکان كرد، “چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن”. کە ئەمە هەڵوێستێکی کۆنی سەدرە و چەندین ساڵە جەختی لەسەر دەکاتەوە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و نەهێشتنی میلیشیا.

سەرایا سەلام باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدرە بە ڕێبەرایەتی موقتەدا سەدر، کە لە ساڵی ٢٠١٤ وەک درێژکراوەیەک بۆ “سوپای مەهدی” دروستبووەوە. ئەرکی سەرەکیی ئەم گرووپە لە سەرەتادا شەڕکردن بوو دژی داعش و پاراستنی مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی شیعە، بەتایبەتی لە شاری سامەڕا، و تاكو ئێستاش وەک یەکێک لە هێزە چەکدارە کاریگەرەکان لە عێراق ماوەتەوە.

ئەم گرووپە هەزاران چەکداری هەیە و هەرچەندە بە فەرمی بەشێکە لە دەستەی حەشدی شەعبی و بودجە لە حکوومەت وەردەگرێت، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە تەنها پابەندی فەرمانەکانی موقتەدا سەدرە. لە ئێستادا زیاتر لە بەغداد و سامەڕا جێگیرن و زۆرجار لەلایەن سەدرەوە وەک کارتێکی فشار یان بۆ نیشاندانی پشتگیری لە دەوڵەت، چالاکییەکانیان ڕێکدەخرێتەوە یان سڕ دەکرێن.

En az 10 karakter gerekli