ئه‌مڕۆ هه‌ينى نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق لە ميانى كارنامه‌كه‌يدا له کۆڕبەندی ديپلۆماسيى ئانتالیا، لەگەڵ تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری سووریا و باڵیۆزی ئەمه‌ریکا لە تورکیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ريكا، دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا و ڕه‌وشى كورديان له‌و وڵاته تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى پێشهاته‌كانى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێکەوتەکانی شەڕ لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، بيروڕايان گۆڕييهوه.
هه‌ردوولا تيشكيان خسته سه‌ر كاريگه‌ريى شه‌ڕ له‌سه‌ر عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگی و کارکردنی بەردەوام بۆ چەسپاندنی ئاشتی و پاراستنى ئارامى و سەقامگیری له ناوچه‌كه‌دا كرده‌وه.
چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوێنێ پێنجشەممە بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ساڵانەی ئانتاڵیا له توركيا، بە بانگهێشتێکی فەرمی گه‌يشته ئانتاڵيا.
بەپێی راگەیەنراوی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان-عێراق، نێچیرڤان بارزانی لە میانی ڕۆژانی کۆڕبەندەکەدا، لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای وڵاتان و بەشدارانی کۆڕبەندەکە، دەربارەی دۆخی ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبەش، چەندین دیدار و کۆبوونەوەی دەبێت.