محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئیدانەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق لە دهۆک کرد و ڕایگەیاند، “ئەو جۆرە کارانە جێگەی قبوڵکردن نین و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکەن”.
لە بەیاننامەیەکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانی ڕایگەیاند، “ئێمە ئیدانەی ئەو هەڵکشانە مەترسیدارە دەکەین کە ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج لە پارێزگای دهۆک. ئەم جۆرە کارانە قبوڵکراو نین و ڕاستەوخۆ هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەکەن”.
هەروەها ئاغا ڕاشیگەیاند، “جارێکی دیکە جەخت لە گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەموو گەلی عێراق دەکەینەوە”.