بڕیارە ئەمڕۆ هەینی لە مەڕاسیمێكدا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا، تیروپشك بۆ یارییەكانی مۆندیالی ٢٠٢٦ ئەنجام بدرێت، و بە سیستەمە نوێیەکە ئەم پاڵەوانیەتییە بەڕێوەدەچێت.
یارییەكانی مۆندیالی ٢٠٢٦ بۆ یەكەمجار بە بەشداری ٤٨ هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت و یارییەكانیش لە یاریگەكانی هەرسێ وڵاتی ئەمریكا و كەنەدا و مەكسیك بەڕێوەدەچن.
مەڕاسیمی ئەنجامدانی تیروپشكەكە لە كاتژمێر ٨ـی شەو بە كاتی هەرێم دەست پێ دەكات.
هەڵبژاردەكانی مۆندیالی ٢٠٢٦ بەشێوەیەكی گشتی بۆ چوار ئاست دابەش بوون كە ١٢ كۆمەڵە لەخۆ دەگرێت بەمشێوەی خوارەوە:-
ئاستی یەكەم: مەكسیك، كەندا، ئەمریكا، ئیسپانیا، ئەرجەنتین، فڕەنسا، ئینگلتەڕا، بەڕازیلی، پورتوگال، هۆڵەندا، بەلجیكا و ئەڵمانیا.
ئاستی دووەم: كڕواتیا، مەغریب، كۆڵۆمبیا، ئۆرگوای، سویسڕا، ژاپۆن، سەنیگال، ئێران، كۆریای باشوور، ئیكوادۆر، نەمسا و ئوستڕالیا.
ئاستی سێیەم: نەرویج، پەنەما، میسڕ، جەزائیر، سكۆتلەندا، پاڕاگوای، توونس، كۆتدیڤوار، ئۆزبەكستان، قەتەڕ، سعوودییە، ئەفریقای باشوور.
ئاستی چوارەم: ئوردن، كابۆ ڤێردی، گانا، كۆڕاساو، هایتی، نیوزلەندا (لەگەڵ ئەو چوار هەڵبژاردەیەی بە پاشكۆی ئەوروپا سەردەكەون، هەروەها ئەو دوو هەڵبژاردەیەی بە پاشكۆی جیهان سەردەكەون).
بەگوێرەی یاسای نوێی تیروپشكی یارییەكانی مۆندیال، هەردوو هەڵبژاردەی یەكەم و دووەمی ١٢ كۆمەڵەكە راستەوخۆ بۆ قۆناغی ٣٢ سەردەكەون، هەروەها ٨ باشترین هەڵبژاردەی ریزبەندی سێیەمی كۆمەڵەكان ئەوانیش بۆ قۆناغی ٣٢ سەردەكەون.
بەگوێرەی یاسای تیروپشكەكە هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو و هەڵبژاردەی ئیسپانیا پاڵەوانی ئەوروپا نابێت تا قۆناغەكانی كۆتایی رووبەڕووی یەكتر ببنەوە.
هەر بە گوێرەی یاسا نوێیەكانی مۆندیال نابێت دوو هەڵبژاردەی كیشوەرێك لە كۆمەڵەیەكدا هەبن، تەنیا كیشوەری ئەوروپا نەبێت كە ١٦ هەڵبژاردە لەخۆ دەگرێت، واتە لە هەر ١٢ كۆمەڵەكەدا هەڵبژاردەیەك یان دوو هەڵبژاردەی ئەوروپای تێدا دەبێت.