فێرگەکانی تۆپی پێ لەنێوان کات بەسەربردن و سوود گەیاندن

فێرگەکانی تۆپی پێ لەنێوان کات بەسەربردن و سوود گەیاندن

تەممووز 31, 2025 00:05
فێرگەکانی تۆپی پێ لەنێوان کات بەسەربردن و سوود گەیاندن
0

لایک

لەگەڵ داخرانی دەرگای قوتابخانەکان و دەستپێکردنی پشووی هاوینە زۆرێک لەخێزانەکان بۆ بەسەربردنی کاتی منداڵەکانییان بە بابەتی بەسوود، خولەکانی زمان، فێرگەکانی تۆپی پێ و یارییەکانی دیکەی وەرزشی هەڵدەبژێرن و منداڵەکانییان لەم خولانە ناونووس دەکەن. لەم ساڵانەی دواییدا فێرگەکانی تۆپی پێ بووتە رووگەی یەکەمی منداڵان و بەشێوەیەکی لێشاو فێرگەکان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی کاتەکانییان تیادا بەسەر ببەن، لە هەمان کاتیشدا سوودێکی وەرزشیی و جەستەییان پێبگات.

لەتەواوی جیهاندا زۆرینەی ئەو یاریزانەی کە بەناو بانگ بوون بناغەی وەرزشییان لە فێرگەکانی تۆپی پێ بووە، کە لەمنداڵییەوە ئەم فێرگانە پەرە بەتواناکانی منداڵەکان دەدەن، لەهەولێر(ئەربیل)ـیش لەرابردوو و لە ئێستاشدا چەندین فێرگەی تۆپی پێ هەن کە چەندین یاریزانی بە ئەزموونییان پێگەیاندووە. بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەبارەی ئەم فێرگانە و سوودییان بۆ منداڵان چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیمان لەگەڵ دکتۆر ئامانج مەحموود، مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی و راهێنەر لەیەکێک لە فێرگە وەرزشییەکانی هەولێر (ئەربیل) ئەنجامدا.

لەسەرەتای قسەکانیدا ئامانج مەحموود باسی لە جیاوازی نێوان ئەکادیمیا و فێرگەی وەرزشی کرد و ڕایگەیاند، “بەشێوەیەکی گشتی ئەکادیمیا کۆمەڵێک یاسا و ڕێسای جیاوازی هەیە لە فێرگەی وەرزشی، پێویستە ئەمانە لە هەموو ئەکادیمیایێک هەبێت، لەوانە شوێنی تایبەت بە دکتۆر و شوێنی مانەوەی یاریزان و زۆر شتی تر، بەڵام لێرە ئەوەی ئێستا هەیە زۆرینەی فێرگەی وەرزشین. ئەکادیمیا کۆمەڵێک شتی جیاواز لە چواردەوری کۆدەبێتەوە ئەوەش لە کوردستان زۆر بە دەگمەن هەیە”.

لەلایەکی دیکەوە ئەو راهێنەرە باسی لەو تەمەنانە کرد کە زیاتر خواستییان لەسەر بەشداریکردن هەیە لەم فێرگانە و ڕایگەیاند، “بەگشتی لە ٦ تا ١٦ ساڵی بەشداری لە فێرگەی وەرزشی دەکەن، بەڵام پێویستە ئەوە بزانرێت کە منداڵەکە لە تەمەنی ٦ ساڵی چ جۆرە راهێنانێک وەردەگرێت، لە ٨ ساڵی چ جۆرە راهێنانێک وەردەگرێت، لە ١٠ ساڵی چ جۆرە راهێنانێک وەردەگرێت، لە ١٥ ساڵی چ جۆرە راهێنانێک وەردەگرێت، واتە بەپێی ساڵەکانی تەمەن راهێنانەکان گۆڕانکاری بەسەردا دێت، پێویستە راهێنەرەکانمان لەو ئاستەدا بن بتوانن هەڵسەنگاندنی یاریزانەکان بکەن و بزانن چ جۆرە راهێنانێکیان پێ دەکەن، دەبێت ئەوەش بزاندرێت بۆ ئەوەی کەسی فێرخواز سوودی پێبگات، ئایا ئەو فێرگانەی کە هەیە تەنها فێرگەی وەرگرتنی پارەیە یاخود فێرگەی فێرکردنی کاراماکانی تۆپی پێیە؟ ئایە ڕۆژانە چەند کاتژمێر راهێنان دەکەن و لەکوێ راهێنان دەکەن؟ ،فێرگە کەسانی شارەزای دەوێت، فێرگە کەسانێکی دەوێت بڕوانامەی ئاستی باڵایان هەبێت، بڕوانامەی زانستییان هەبێت وەکو دەرچووی زانکۆ بێت، چونکە ناکرێت هەر کەسێک یاریزانێکی باش بێت و منداڵەکانمان بخەینە ژێر دەستییان، لەبەر ئەوەی لە تۆپی پێ چەند کاراماییەکی تایبەتمان هەیە بۆ نموونە چەند تایبەتمەندییەکی کارامەیی یاری هەیە تەنها بە کەسانی شارەزا و ئەو کەسانەی تایبەتمەندەن بەم بوارە دەکرێت، ئەو کەسانە باشترە منداڵ فێربکەن نەک کەسانێک تەنها پێشووتر یاریزانی تۆپی پێ بووبن، بەڵام گەر یاریزان بێت و بڕوانامەی هەبێت ئەوا زۆر باشترە، ئێستا ئەوەی کە دەگوزەرێت زۆربەی زۆری ئەو فێرگانە لە یاریگاییەکی بچووککراو دێن کاتژمێرێک یاخود کەمتر راهێنان ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا دەبێت راهێنان لە کاتژمێرێک زیاتر بێت بۆ ئەوەی منداڵەکان بە تەواوی فێرە کارامەکان ببن”.

لەبارەی ژمارەی ئەوانەی بەشداری لە فێرگەکان دەکەن ناوبراو باسی لەوەکرد، “بەشێوەیەکی گشتی  لە وەرزی زستانان نزیکەی ٨٠ بۆ ١٠٠ فێرخواز بوونی هەیە، بەڵام  وەرزی هاوین خەڵک زیاتر رووی تێدەکات و منداڵەکانیان دەبەن بۆ فێرگەکان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی جێگای سەرنجە هەرکەسێک هەڵدەستێت بە کردنەوەی بەناو فێرگە و دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە وەکو پەتایەکی لێهاتووە”.

ئامانج مەحموود باسی لەوشکرد، “تەنها لەو فێرگەیەی کە ناوبراو راهێنان بە فێرخوازان دەکات زیاتر لە ١٠ راهێنەر بوونی هەیە و وتیشی، راهێنەرمان هەیە بڕوانامەی دکتۆرایان هەیە لە پەروەردەی وەرزشی، یاخود زۆربەی هەرە زۆریان بەکەلۆرۆسیان هەیە و ماستەرمان هەیە جگە لەمانەش بڕوانامەیان هەیە، خاوەنی ئەزموونێکن لە نێوان ١٥ بۆ ٢٠ ساڵ لەهەمان کاتدا ئەزموونییان هەیە لە نێو یاریگاکان، زۆر گرینگە ئەو کەسانەی کە منداڵیان دەدرێتە ژێر دەست بزانیت، ئایە لە رووی جەستەیی چ دەدات بە منداڵەکە؟ لە رووی کارامە چی فێر دەکات، تەنها ئەم دوانەش نیە بەڵکو لایەنی تریش هەیە وەک لایەنی ڕۆشنبیری کردنی یاریزانەکە، خواردن، ئێمە فۆڕمی تایبەتمان هەیە بە منداڵ و یاریزانان کە کۆمەڵێک پرسیاری تێدایە کە دەبێت یاریزانەکە ئەم پرسیارانە بزانێت و جێ بەجێی بکات، گەر ئەم چەند خاڵە جێ بەجێ نەکات ئێمە یاریزانەکە یاخود منداڵەکە سزا دەدەین، بەڵام نەک سزاییەکی وا قوڕس بێت واز لە وەرزش بێنێت، پێویستە منداڵەکە هەموو ئەم پرسیار و خاڵانەی ئێمە هەمانە جێ بەجێی بکات، ئەوە لایەنی پەروەردەیی تۆپی پێیە، پێویستە کەشێکی ئەوا بۆ یاریزان و منداڵەکان درووست بکرێت کەوا حەز و ئارەزووی هەبێت بۆ یاریی تۆپی پێ”.

هاوکات لەبارەی ناوەڕۆکی ئەم فێرگانە و ئایا راهێنانەکان چی لەخۆ دەگرێت؟ راهێنەرەکە باسی لەوەکرد، “ئێمە بەرنامەمان هەیە، لە سەرەتا بۆ ماوەی دوو بۆ سێ هەفتە چەند کاراماییەکی تۆپی پێیان فێر دەکەین، بە گوێرەی تەمەنی منداڵەکە، هەروەها منداڵەکان فێری لایەنی تەکتیکیش دەکەین کە ئەو یاریزانە چۆن ڕادەوەستێت لە نێو یاریگا، ئێمە لە فێرگەکەمان چەند پێوەرێکمان هەیە بۆ وەرگرتنی یاریزانەکان، یەک لە رووی تەمەن، ئەگەر تەمەنیان وەک یەک نەبێت نابێت بە یەکەوە یارییان پێ بکەین، هەندێک جار تەمنیان وەکو یەکە بەڵام لە رووی پێوەری جەستەیی جیاوازییان هەیە، بۆیە هەر منداڵەو بە جیا راهێنانیان پێ دەکەین، ئەوەکەی تریان ئاستە بۆ نموونە منداڵ هەیە ئاستی باشە، ناکرێت لەگەڵ منداڵێکی ئاست نزم راهێنان بکات، بۆیە دەبێت ئاستەکانیان لێک نێزیک بێت، ئەگەر بەو جۆرە نەبێت راهێنەریش ناتوانێت راهێنانیان پێبکات و فێرە کارامەییەکانی تۆپی پێییان بکات، گەر راهێنانەکان تۆزێک قوڕس بکەین منداڵە ئاست نزمەکان ناتوانن راهێنانەکان ئەنجام بدەن، بۆیە ئێمە بەرنامە و پڕۆگرامی تایبەت بەخۆمان هەیە راهێنەرەکانمان لەسەر ئەم بەرنامانە ئاگادار دەکرێنەوە کەوا مەشقەکانیان دەبێت بەم جۆرە بێت کە ئێمە بۆیان دیاری دەکەین”.

لە کۆتاییدا رووی دەمی کردە فێرگەکانی تۆپی پێ و وتی، “هیوادارین ئەو وشەیەی ئەکادیمیا یاخود فێرگەی وەرزشی بەشێوەیەکی فەرمیی و بەشێوەیەکی زانستی پەیڕەو بکەن، کە هیوادارین لە ئەکادیمیایەکان یاخود لە فێرگەکان بە لایەنی کەم کاتژمێرێک یاخود زیاتر راهێنان ئەنجام بدەن، بەهۆی ئەوەی  لەرووی زانستییەوە بەو جۆرەیە، هەروەها هەموو ئەکادیمیا و فێرگەکان پێویستە دکتۆریان هەبێت شوێنی تایبەتیان هەبێت، هەروەها ئەو شتانەی کە لە هەموو جیهان و ئاکادیمیاکان باوە، پێویستە لێرەش بەم جۆرە بێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی جوانتر و تەندروستر منداڵ و یاریزانەکان فێر بکرێن”.

En az 10 karakter gerekli