ئەڵمانیا رایگەیاند، 60 ملیۆن یۆرۆ، کە دەکاتە 62.7 ملیۆن دۆلار، بۆ پەرەپێدانی قوتابخانە، مافەکانی مرۆڤ و پڕۆژەکانی دیکە لە سووریا تەرخان دەکات.
سڤێنیا شوڵز، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا وتی “پەنجەرەیەکی مێژوویی لە سووریا بووەتەوە، دوای ئەوەی لە 8ـی کانوونی یەکەم، ڕژێمی بەشار ئەسەد لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ڕووخێنرا و ئەسەد ناچارکرا بەرەو مۆسکۆ هەڵبێت.
وەزیرەکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت “بڕیار نەدراوە دواتر چی روودەدات. بەڵام دەرفەتی گەشەپێدانی ئەرێنی هەیە و هەر شتێکمان لەدەستبێت، پێویستە بیکەین بۆ ئەوەی پشتیوانیی لێ بکەین”.
نزیکەی نیوەی ئەو پڕۆژانەی ئەڵمانیا دەیەوێت لە سووریا پشتیوانییان بکات، تایبەتن بە پەروەردە. لەو چوارچێوەیەدا، 25 ملیۆن یۆرۆ بە ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) دەدرێت و 6 ملیۆن یۆرۆی دیکەش بە ڕێکخراوی مرۆیی ئارچ نۆڤا دەدرێت کە سەرپەرشتیی چەند قوتابخانەیەک دەکات و بە کۆی گشتیی سێ هەزار قوتابی بەڕێوەدەبات.
شوڵز دەڵێت “ئێمە پێشبینییەکانی خۆمان بە ڕوونی داناون: سیستمێکی پەروەردە کە ئایدۆلۆژیا، جیاکاری و پەراوێزخستنی تێدا نەبێت.”
19 ملیۆن یۆرۆی دیکە بە ئاژانسی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP دەدرێت، 7 ملیۆن یۆرۆ بە ڕێکخراوە ناحکومییەکانی سووریا و 3 ملیۆنی دیکە بە سندووقێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدرێت، کە تایبەتە بە پشتیوانیکردن لە ڕێکخراوەکانی ژنان.
بە وتەی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا، هەموو ئەو پڕۆژانە لە لایەن ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ئاژانسەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبردرێن، نەوەک دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.