سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان-عێراق، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی لە دهۆک و بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەشی بۆ لێکۆڵینەوە دەرکرد.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٨ـی ئاداری ٢٠٢٦، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەنجامدا. لە پەیوەندییەکەدا سوودانی سەرکۆنەی ئەو “هێرشە ناڕەوایە”ی کرد کە کرایە سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای دهۆک.
نووسینگەی سوودانی ڕایگەیاندووە، “سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانی و پەرۆشیی ئەو بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق کرد”. هەر لەو چوارچێوەیەدا، سوودانی فەرمانی کرد بە پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی و تەکنیکیی هاوبەش لە نێوان دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەنجامدەرانی و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەریان.
هەروەها لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا باسیان لە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و رەوشی ئەمنیی وڵات کرد. سوودانی جەختی لەوە کردەوە، حکوومەتەکەی رێگە نادات هیچ لایەنێکی “دەرەوەی یاسا، یان لایەنێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی” عێراق پەلکێشی ناو ئەو ململانێ و شەڕانە بکات کە ئێستا لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن.
هاوکات سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵەکانیان بۆ پاراستنی سەروەریی عێراق و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیی گشتگیردا بەردەوام دەبن.