پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٩ی نیسانی ٢٠٢٦، دانیشتنی ژمارە ١٨ی خۆی لە کاتژمێر ١١ی سەرلەبەیانی ئەنجام دەدات. لەم دانیشتنەدا کە کارنامەکەی لەلایەن فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، خوێندنەوەی یەکەم بۆ دوو پڕۆژەیاسای گرنگ و هەستیار لە بوارەکانی ئاسایش و تەندروستیدا دەکرێت.
لەم دانیشتنەدا پەرلەمان دەست دەکات بە خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای “خزمەتی ئاڵا” (سەربازیی زۆرەملێ). ئەم یاسایە کە لەلایەن لیژنەی ئاسایش و بەرگرییەوە ئامادەکراوە و لە ٦٦ ماددە پێکدێت، یەکێکە لە پڕۆژە هەرە مشتومڕاوییەکان و ئامانجی ڕێکخستنەوەی خزمەتی سەربازییە بۆ گەنجان.
هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێنجەمین هەمواری یاسای ئەنجومەنی شێرپەنجە (ژمارە ٦٣ی ساڵی ١٩٨٥) ئەنجام دەدات. ئەم هەمووارە لەلایەن لیژنەی تەندروستی و ژینگەوە پێشکەش کراوە و لە ٢ ماددە پێکدێت، کە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم نەخۆشییە دەستنیشان دەکات.
ئەنجامدانی ئەم دانیشتنە لە کاتێکدایە کە چاوەکان لەسەر بڕیارەکانی پەرلەمانن سەبارەت بە یاسای سەربازی، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر داهاتووی گەنجان دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت دوای خوێندنەوەی یەکەم، هەردوو پڕۆژەیاساکە بخرێنە ناو گفتوگۆی وردترەوە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە بۆ ئەوەی لە دانیشتنەکانی داهاتوودا دەنگیان لەسەر بدرێت.