سەرکردە باڵاکانی ماڵی سوننە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتنە قەتەر و پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان لەگەڵ میری ئەو وڵاتە تاوتوێ کرد.
شاندەکە کە پێکهاتبوو لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى حیزبى تەقەدووم و خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانیی سیادە، بەجیا لەگەڵ میر و سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆبوونەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەر پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی لێکردوون و پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ عێراق دووپات کردووەتەوە.
لە دیدارەکاندا جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان هێزە نیشتمانییە عێراقییەکان کراوەتەوە، بە ئامانجی “تەواوکردنی ئیستیحقاقە دەستوورییەکان” و تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستا بۆ پێکهێنانی حکومەت.
حەلبووسی ئاشکرای کردووە، گفتوگۆکان تەنیا لەسەر دۆخی ناوخۆ نەبوون، بەڵکو باس لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات و “یەکخستنی هەڵوێستەکان” کراوە لە ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بەو دۆسییانەی جێی بایەخی هەردوولان.