وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕۆژی چوارشەممە نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی نێوان پاکستان و هیندستان لە دوای هێرشەکەی ناوچەی کشمیر کە کێشە لەسەرە، داوای خۆگرتن و دوورکەوتنەوە لە ڕێوشوێنی تۆڵەسەندنەوەی دهكات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30 نیسان، 2025 وەزارەتی دەرەوەی عێراق له بهیاننامهیهكدا باسی لەوەکردووە، “بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی نێوان هیندستان و پاکستان دەکەین، ئەوەش دوای هێرشەکەی ناوچەی پەهالگام لە ناوچەی کشمیر کە کێشەی لەسەرە”.
عێراق جەختی لەسەر “گرنگیی بەکارهێنانی زۆرترین خۆگرتن و دوورکەوتنەوە لە هەر ڕێوشوێنێکی تۆڵەسەندنەوە دهكات كه ڕهنگه قەیرانەکە توندتر بکات”.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق دهڵێت، چارەسەری هەمیشەیی ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و پەنابردنە بەر ڕێگەی دیپلۆماسیدایە، کە لەو چوارچێوەیەدا پاڵپشتی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکات کە ئامانجیان هێورکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیە.