عێراق: هەڵوێستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئیسرائیل بەرز دەنرخێنین

عێراق: هەڵوێستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئیسرائیل بەرز دەنرخێنین

تشرینی دووه‌م 21, 2024 21:32
عێراق: هەڵوێستی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئیسرائیل بەرز دەنرخێنین
0

لایک

وتەبێژی فەرمی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، عێراق هەڵوێستی بوێرانە و دادپەروەرانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنێت، بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی سەرۆک وەزیرانی قەوارەی زایۆنی و وەزیری بەرگری پێشووی، هەروەها دەشڵێت، “داواکانمان بۆ ڕاگرتنی جەنگ نوێ دەکەینەوە و داوا لە هەموو وڵاتانی ئازاد دەکەین ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن، و ئەو کەسانە ڕادەست بکەن”.

باسم عەوادی، وتەبێژی فەرمی حکومەتی عێراق ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “حکومەتی عێراق هەڵوێستی بوێرانە و دادپەروەرانەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەرز دەنرخێنێت، بە دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن لە دژی سەرۆک وەزیرانی قەوارەی زایۆنی و وەزیری بەرگری پێشووی، لەسەر بنەمای تۆمەتبارکردنیان بە تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژ بە گەلی فەڵەستین و لوبنان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، “ئەو بڕیارە مێژوییە ئەوە دوپات دەکاتەوە کە هەرچەندە زوڵم و ستەم بەردەوام بێت و هەوڵی بەردەوامی بدات، دادپەروەری و ڕاستی بەرامبەری دەوەستنەوە و ناهێڵن بەسەر جیهاندا بڵاوبێتەوە، بڕیارەکە وەک تۆڵەیەکە بۆ خوێنی ئەو شەهید و بێتاوانانەی کە لە شەڕی تاوانکارانەی قەوارەی زایۆنی بوونە قوربانی، و ماوەی زیاتر لە ساڵێکە لە دژی غەززە و لوبنان بەڕێوەی دەبات”.
 
وتەبێژەكەی حكومەتی عێراق باسی لەوەشكرد، “دەستخۆشی لەم هەنگاوە گەورەیە دەکەین لە پێناو بەدیهێنانی دادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا، داواکانمان بۆ ڕاگرتنی جەنگ نوێ دەکەینەوە و داوا لە هەموو وڵاتانی ئازاد دەکەین ئەم بڕیارە جێبەجێ بکەن، و ئەو کەسانە ڕادەست بکەن کە لەلایەن دادگا پەیوەندیدارەکانەوە داواکراون بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن لە ئەنجامدانی ئەو پێشێلکارییە ئاشکرایەی کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامیانداوە”.

ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ بنیامین نەته‌نیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل و یولاف گالانت، وه‌زیری به‌رگری دوورخراوه‌ی ئیسرائیل و فەرماندەی سەربازی بزوتنەوەی حەماس ده‌ركرد.

En az 10 karakter gerekli