ئاژانسی رۆیتەرز رایدەگەیەنێت، عێراق و تورکیا هەفتەی داهاتوو دەست بە گفتوگۆ دەکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، گفتوگۆی هونەری نێوان عێراق و تورکیا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای هەفتەی داهاتودا دەستپێدەکات.
رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە، دەڵێت: ئەم هەنگاوە بە مانای ئەوە نایەت بەمزوانە دەستدەکەنەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆیە لەسەر ئاستی باڵا.
رۆیتەرز راشیگەیاند: ماوەی 80 رۆژە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە تورکیا راگیراوە و زیانەکەشی گەیشتوەتە دوو ملیار دۆلاری ئەمەریکی.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا ژوری نێوبژیوانی نیودەوڵەتی سەر بە دادگای پاریس بڕیاریدا کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خاکی تورکیاوە نادەستورییە و لە دوای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکی راگیرا.