سۆمۆ: هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەستپێدەکاتەوە

سۆمۆ: هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەستپێدەکاتەوە

نیسان 2, 2026 15:52
سۆمۆ: هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک دەستپێدەکاتەوە
0

لایک

عەلی نزار شەتراتی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، سەرەڕای ئاڵۆزییە ئەمنییەکان و مەترسییەکانی شەڕ لە ناوچەکە، عێراق توانیویەتی تا ٨ی ئادار هەناردەکردنی نەوت لە بەندەرەکانی باشوورەوە بەردەوام بکات و لە مانگی ڕابردوودا بڕی ٢ ملیار دۆلار داهات بەدەستبهێنێت.

شەتراتی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی مەترسییەکانی سەر گەرووی هورمز، وەزارەتی نەوت کار بۆ کاراکردنەوەی ڕێگەی جێگرەوە دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا چاککردنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و لەم هەفتەیەدا پشکنینەکانی تەواو دەبێت، کە ئەمەش ڕێگە خۆشکەرە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهان.

هەر لەم پێوەندییەدا، بەڕێوەبەری سۆمۆ جەختی لە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان-عێراق کردەوە بۆ هەناردەکردنی ڕۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی بۆرییەوە، کە بەهۆی کوالێتییە بەرزەکەیەوە داواکارییەکی زۆری لەسەرە لە بازاڕەکانی ئەوروپا.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی نوێدایە لە ڕێگەی وڵاتانی کەنداو و سووریاوە بۆ گواستنەوەی نەوت، تاوەکو لە کاتی قەیرانەکاندا هەناردەکردن پەک نەکەوێت و ئاستی بەرهەمهێنانی پاڵاوگەکانیش بە جێگیری بمێنێتەوە.

En az 10 karakter gerekli