نرخی نەوتی عێراق لە کاتی مامەڵە ڕۆژانەکاندا لە بازاڕی جیهانیدا بەرزبونەوەی تۆمارکرد و نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرە گەیشتە ١٢٠ دۆلار، لەكاتێكدا نەوتی خاوی برێنتی بریتانی ٩٥ دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک.
بەپێی ئەو داتاكانی نرخی جیهانی نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی خاوی مامناوەندی بەسرە بۆ ١٢٠،١ دۆلار بەرزبوەتەوە، لە کاتێکدا نەوتی خاوی قورسی بەسرە ١١٧ دۆلار و ٩١ سەنتی بۆ هەر بەرمیلێک تۆمارکردوە، بە ڕێژەی گۆڕانی +٠،٤٦% بۆ هەردوکیان.
سەبارەت بە نرخەکانی نەوتی جیهانی، نەوتی خاوی برێنتی بریتانی ٩٥ دۆلار و ٣٥ سەنتی بۆ هەر بەرمیلێک تۆمارکراوە، لە کاتێکدا نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکی (WTI) ٩١ دۆلار و ٦٦ سەنتی بۆ هەر بەرمیلێک تۆمارکردوە، بە ڕێژەی گۆڕانی +٠،٤٢ و +٠،٩٦1 بۆ هەر یەكێكیان.
ئەم بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە كە لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەوە سوپای ئەمریكا گەرمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا سەپاندوە و ڕێگە بە چوون و هاتنی هیچ كەشتیەكی نەوتهەڵگر و بارزگانی نادا كە ڕوو بەندەرەكانی ئەو وڵاتە بكەن یان لەوێوە دەربچن. ئەمەش قەیرانێكی دیكەوە بۆ گەروی هورمز و وزەی جیهانی دروستكردوە.