حکوومەتی عێراق، بەهۆی گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و دۆخی ئاڵۆزی سووریا، بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، دەستیکرد بە وەرگرتنەوەی زیندانیانی رێکخراوی تیرۆرستی داعش لە هێزەکانی سووریا، لە یەکەم قۆناغیشدا ١٥٠ تیرۆریستی عێراقی و بیانی گواسترانەوە بۆ زیندانەکانی بەغداد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا وتی، وەک بەدواداچوونێک بۆ ئەو پێشهاتە ئەمنییانەی لە گۆڕەپانی سووریادا روودەدەن و بۆ کۆنترۆڵکردنی مەترسیی زیندانیانی داعش، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا بڕیاری داوە تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان وەربگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پڕۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەنجامدراوە و تێیدا عێراق رەزامەندیداوە لەسەر وەرگرتنەوەی تیرۆریستانی هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی و رەگەزنامە بیانییەکانی دیکەش، کە تا ئێستا لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریا بوون.
وتیشی، “بە شێوەیەکی کرداری یەکەم کاروانی زیندانییەکان وەرگیراوەتەوە، کە ژمارەیان ١٥٠ تیرۆریستی عێراقی و بیانییە، ئەم تیرۆریستانە بەشێکن لەوانەی دەستیان بە خوێنی عێراقییەکان سوورە و رەوانەی دامەزراوە چاکسازییە حکوومییەکان کراون.”
لە بارەی هەنگاوەکانی داهاتووشەوە، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا و بەپێی هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنی و مەیدانی، ژمارەی کاروانەکانی دیکە دیاری دەکرێن، ئامانج لەم هەنگاوەش گەمارۆدانی مەترسیی بڵاوبوونەوە یان هەڵاتنی ئەو تیرۆریستانەیە، کە وەک سەرکردەی ئاستی یەکەمی رێکخراوە تیرۆریستییەکە هەژماردەکرێن.