بەرپرسێکی باڵای بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، دەرگایان کراوەیە بۆ ئاگربەست و ئامادەن ئاگربەستی کاتی لەگەڵ ئیسرائیلدا ئەنجام بدەن. سەرۆکی فەڵەستینیش دەڵێت، داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن رێگری بکات لە روودانی کارەساتی نەخوازراو لە غەزە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری موسا ئەبو مەرزوق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بڵاویکردەوە، بزوتنەوەکە دەرگای کراوەیە بۆ ئەنجامدانی ئاگربەست لە ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی ئامانجەکانیان لە خاکی ئەو وڵاتەدا بەدەستهێناوە.
ئەوەشی خستەڕوو، پاش ئەوەی ئامانجەکانیان بەدەست هێنا لە خاکی ئیسرائیل حەماس ئامادەیە بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەنجامدانی ئاگربەستی تەواوەتی بۆ راگرتنی گرژیەکان گەر ئیسرایل ئامادەبێت، گەرنا بە پێچەوانەشەوە ئامادەی درێژەدانن بە گرژییەکان.
هاوکات، سەرۆکی فەڵەستینیش رایگەیاند، داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن رێگری بکات لە روودانی کارەساتی نەخوازراو لە غەززە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی شەممە، گروپە چەکدارەکانى فەڵەستین هەزاران مووشەکیان لە کەرتى غەززەوە ئاراستەى ئیسرائیل کرد و دەیان چەکداریشیان دزەیان کردە ناو خاکى ئیسرائیل و گرژی و ئاڵۆزی توند درووست بوو.