لە یارییەکانی جامی کەنداوی 26 و لەگەڕی دووەم، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بەحرەین رووبەڕووی یەك بوونەوە و شێرەکانی رافیدەین تووشی دۆڕان بوون.
لە نیوەی یەکەم بەحرەین ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و توانیان لە خولەکی 38 لە رێگەی عەلی مەدەن گۆڵی یەکەم تۆماربکەن، هەر لە سەرەتای نیوەی دووەم و هەمان یاریزان لە خولەکی 47 ئەنجامەکەی بۆ سوور پۆشەکان کردە دوو هێندە و ئەوەندەی دیکە ئەرکی هەڵبژاردەی عێراقی زەحمەتتر کرد.
کاساس لە لێدوانێکیدا دوای تەواوبوونی یارییەکە وتی: ئاستێکی باشمان پێشکەش نەکرد، ئامادەنەبوونی بەشێك لە یاریزانەکان کاریگەری لەسەر هەڵبژاردەکە هەبوو، هەوڵدەدەین هەڵەکانمان راستبکەینەوە و لە یاریی بەرامبەر سعوودیە سەرکەوتوو بین.
ئەیمەن حوسێنی هێرشبەری شێرەکانی رافیدەین باسی یارییەکەی کرد و وتی: پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی بەحرەین دەکەم و داوای لێبوردنیش لە هاندەرانی هەڵبژاردەکەمان دەکەین، هەوڵدەدەین لە یاریی داهاتوو قەرەبووی بکەینەوە و سێ خاڵی یارییەکە لە بەرامبەر سعوودیە بەدەستبهێنین.
دوای دۆڕانی عێراق هەڵبژاردەکە دابەزی بۆ ریزبەندی سێیەمی گرووپەکەی و مەترسی سەرنەکەوتنی لەسەرە، بەهۆی ئەوەی یاریی داهاتووی قورسە و بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودیەیە.
هەروەها هەڵبژاردەی عێراق تەنها بە ئەنجامی بردنەوە سەردەکەوێت گەر لە یارییەکە یەکسانیش بێت سەرناکەوێت.
رۆژی شەممە هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و سعوودیە یاریی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدەن و ریزبەندی دووەمی گرووپەکە دیاریدەکەن.