بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی “سی ئێن بی سی” (CNBC)، ڕۆژی پێنجشەممە نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا ڕووی لە دابەزین کرد. ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە واشنتن و تاران ڕەزامەندییان دەربڕی بۆ بەڕێوەچوونی دانوستان لە عومان، ئەمەش ئومێدی هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی زیاد کرد، هەرچەندە هێشتا ناكۆكی قووڵ لەسەر ناوەڕۆکی گفتوگۆکان ماوە.
لە مامەڵەکانی ئاسیادا، نرخی نەوتی خاوی ئەمریکا بە ڕێژەی ١.٤٪ دابەزی و گەیشتە ٦٤.٢٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، هەروەها نەوتی برێنتیش بە هەمان ڕێژە دابەزی و بە ٦٩.٤٩ دۆلار مامەڵەی پێوە کرا.
سی ئێن بی سی ئاماژەی بەوە کردووە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەیەوێت دانوستانەکان تەنیا لە چوارچێوەی “دۆسیەی ئەتۆمی”دا بمێننەوە، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵ دەدات بابەتەکانی وەک بەرنامەی موشەکی بالیستیک، پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکە و دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بخاتە ناو بەرنامەی کارەوە.
ئەم دابەزینەی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی چوارشەممە، بەهۆی لێدوانە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دژی دەسەڵاتدارانی ئێران، نرخی نەوت ٣٪ بەرزبووەوە. ترەمپ مانگی ڕابردوو هۆشداریی دابوو کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، بژاردەی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران تاوتوێ دەکات.
شیکەرەوەکانی بواری وزە بە سی ئێن بی سی-یان ڕاگەیاندووە کە ڕەنگە بازاڕی نەوت زۆر بە خێرایی کاردانەوەی بۆ سیگناڵە دیپلۆماسییەکان نیشان دابێت. “سۆڵ کاڤۆنیک”، بەرپرسی لێکۆڵینەوەکانی وزە لە دامەزراوەی (MST Marquee) دەڵێت: “جیاکردنەوەی پەیامە دژبەیەکەکانی پەیوەست بە دانوستانەکانی ئێران کارێکی قورسە؛ ئەم گفتوگۆیانە دەکرێت نیشانەی هێوربوونەوە بن، یان تەنیا تاکتیکێک بن پێش دەستپێکردنی چالاکیی سەربازی.” ناوبراو جەختی کردەوە کە جێگیرکردنی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە نیشان دەدات کە مەترسیی هێرش هێشتا جیدییە.
هەروەها گەرووی هورمز یەکێکە لە هەستیارترین خاڵەکانی جیهان، کە ڕۆژانە ٢٠٪ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت و هەر جۆرە پەککەوتنێک تێیدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بێپێشینەی نرخەکان.