تورکیا لە رۆژی 28ـی ئایار بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار جارێکی دیکە دەچنەوە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار هیچ بەربژێرێک زۆرینەی رەهای بەدەستنەهێنا، دیاریکردنی سەرۆککۆمار بۆ گەڕی دووەم مایەوە و پرۆسەی پەیوەست بە رۆژمێری هەڵبژاردنەکان کە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن دایناوە، بۆ گەڕی دووەم بەردەوام دەبێت.
بەمشێوەیە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە 28ـی ئایار بەڕێوەدەچێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە ریزبەندی هەردوو بەربژێرکە لە کارتی دەنگدان ناکرێت.
لەمرۆوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانێتی جمهوور و سەرکۆماری تورکیا و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانێتی میللەت و سەرۆکی گشتیی جەهەپە کە مافی بەشداریکردنیان لە گەڕی دووەم بەدەستهێنا، دەستپێدەکات.
پرۆسەی دەنگدانی گەڕی دووەم لە دەروازە سنوورییەکان و دەرەوەی وڵات لە رۆژی 20ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و دەنگدانی دەرەوەی وڵات لە 24ـی ئایار کۆتایی دێت.
وتاری بانگەشەی هەڵبژاردن لە رادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکان لە 24ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و لە کاتژمێر 18:00ـی رۆژی 27ـی ئایار کۆتایی دێت.
بۆ یەکەم جار لە تورکیا، ئەو دەنگدەرانەی کە رۆژی 28ـی ئایار بۆ گەڕی دووەم دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان لە هەمان ناوەندی دەنگدان و بە هەمان کارتی زانیاری دەنگدەران دەنگدەدەن.
پێشبینی دەکرێت دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا دوای ماوەی تانەگرتن لە 1ـی حوزەیراندا ئەنجامەکان رابگەیەنێت.