ئەمڕۆ چوارشەممە، رێكەوتی 4ـی حوزەیرانی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق کۆدەبێتەوە و سێ بڕگە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەن، یەکەمیان تایبەتە بە مووچەی مووچەخۆران.
بەپێی ڕاگەیەندراوی خۆیان، بەدواداچوونی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پرسی مووچە لەلایەن سەرۆکی دیوان و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەخرێتەڕوو.
تەوەرێکی دیکە کە لە کۆبوونەوەکە باس دەکرێت، خستنەڕووی نووسراوی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانە بۆ لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیری بۆ کوڕ و کچی شەهیدان.
لە ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی وەزیراندا هاتووە، پرسی گرێبەستی کارمەندان لەسەر بودجەی پەرەپێدان و داهات و پێشینەی بەردەوام و کرێی رۆژانە تاوتوێ دەکرێت کە وەزارەتی دارایی بە نووسراو ئاراستەی کردوون.
کۆبوونەوەکە رۆژێک دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە کە هیچ بڕیارێکی لەبارەی مووچەی هەرێمەوە تێدا نەدرا.