پەرلەمانی کوردستان-عێراق 17ی ئەم مانگە کۆدەبێتەوە و یەکێک لە سەرەکیترین تەوەرەکان دەنگدانە بە دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان و دانانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکە لە لیژنە پەیوەندیدارەکان.
د. رێواز فائق حسێن، سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوەکردووە، “بە پشتبه‌ستن به حوکمی بڕگه‌ی (سێیه‌م) له مادده‌ی (18)ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئه‌ندامه به‌ڕێزه‌کانی په‌رله‌مان بکه‌ین بۆ دانیشتنی ژماره (3)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ى ساڵی پێنجه‌م له خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان-عێراق، له کاتژمێر (12)ی نیوه‌ڕۆی ڕۆژی چوارشه‌ممه له کاتی دیاریکراودا ئاماده‌بن”.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبونەوەکە، لە تەوەری یەکەمی کۆبونەوەکەدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاسای (بەرکارکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی شوشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆر، ژمارە (39)ی ساڵی 2015ى فیدڕاڵی لە هەرێمی کوردستانـ-عێراق)، بەپێی حوکمی بڕگەی (پێنجەم) لە ماددەی (78) و ماددەکانی (79، 80) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان.
لە تەوەری دوەمی کۆبونەوەکە ده‌نگ له‌سه‌ر داواکاری ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری کوردستان دەدرێت، کە لەماوەی رابردودا نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەشکرد.
لە تەوەری سێیەمی کۆبونەوەکەدا دەنگ لەسەر دەستلەکارکێشانەوە و دانانی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە لیژنە هەمیشەییەکانی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت، بەپێی حوکمی ماددەکانی (28، 34) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت.
تەوەری چوارەمی کۆبونەوەکە تایبەت دەبێت بە خوێندنه‌وه‌ی دوه‌م بۆ ئەم پێشنیازە یاسا و پێشنیازە بڕیارەی خوارەوە، به‌پێی حوکمی مادده‌کانی (87، 88، 89، 97) له په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی کوردستان، کە پێکهاتون لە پێشنیازەیاسای (هەمواری دوەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2019، یاسای بەخاوەنکردنی ئەو زەوییانەی کە لە سنوری شارەوانییەکان زێدەڕۆییان لەسەر کراوە لە هەرێمی کوردستان-عێراق) و هەروەها پێشنیازەبڕیاری (تایبەت بە بەخاکسپاردنی شەهید).