کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆمەڵێک رێنمایی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە و سەرجەم ئەو کارانەی خستەڕوو کە قەدەغەکراون لە پرۆسەکەدا، جەختیشیکردەوە، دەرکردنی فەرمانی دامەزراندن، بەخشینی زەوی و دەرکردنی سوپاسنامە لە کاتی بانگەشەدا بە سەرپێچی دادەنرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بڵاویکردەوە، بانگەشەی هەڵبژاردن لەو رۆژەوە دەستپێدەکات کە کۆمسیۆن بە رەسمی رایدەگەیەنێت و ٢٤ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی دەنگدانی تایبەت کۆتایی دێت.
هەروەها وتیشی، بەکارهێنانی دامەزراوە و بینای وەزارەتەکان، ئۆتۆمبێلی دەوڵەت، دروشمی رەسمی دەوڵەت و پارەی گشتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەروەها بانگەشەکردن لەناو بنکە و وێستگەکانی دەنگدان و بە دووریی کەمتر لە ١٠٠ مەتر لێیانەوە قەدەغەیە و بەکارهێنانی مزگەوت و کڵێسا و هەر پەرستگایەک بۆ بانگەشە رێگەپێنەدراوە.
دەشڵێت، هیچ فەرمانبەرێکی دەوڵەت و هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بۆیان نییە دەسەڵاتی خۆیان بۆ بانگەشەکردن بۆ خۆیان یان بۆ هیچ کاندیدێک بەکاربهێنن.
جەختیشیکردەوە، دەرکردنی فەرمانی دامەزراندن، بەخشینی زەوی و دەرکردنی سوپاسنامە لە کاتی بانگەشەدا بە سەرپێچی دادەنرێت.
روونیشیکردەوە، بانگەشە نابێت هانی توندوتیژی، رق و کینە و بیری تەکفیری و تایەفەگەری بدات و ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کاندیدەکان قەدەغەیە.