کۆتا چەخماخچی لە هەولێر(ئەربیل) بەردەوامە لە کارەکەی
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • کۆتا چەخماخچی لە هەولێر(ئەربیل) بەردەوامە لە کارەکەی

کۆتا چەخماخچی لە هەولێر(ئەربیل) بەردەوامە لە کارەکەی

ئاب 16, 2024 17:57
کۆتا چەخماخچی لە هەولێر(ئەربیل) بەردەوامە لە کارەکەی
1

لایک

شاری هەولێر(ئەربیل) لە کۆنەوە بە شاری کار و پیشە جیاوازەکان ناسراوە، خەڵکەکەی لە سەردەمی ژیان کردن لە قەڵاوە بەدەر لە کاری بازرگانی و کشتوکاڵی کاری جۆرا و جۆری رۆژانەیان کردووە. ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی کەمبوونی ئامرازەکانی گواستنەوە. گەر سەد ساڵ پێش ئێستا پێویستیان بە کاڵایەک یاخود هەرشتێکیتر بوایە، دەبوایە دوو بۆ سێ مانگ چاوەروانیان بکردایە. بەڵام خەڵکی هەولێر دەسترەنگین و وردبوون لە کارەکانیان و خۆیان پێویستییەکانیان فەراهەم کردووە. هەربۆیە تورکمانەکانی شاری هەولێر نازناوەکانیان دەگەرێتەوە بۆ پیشەکانیان. یەکێک لەو پیشە گرینگ و رەسەناش چەقۆ تیژکردن یاخود چەخماخچی-یە

بێگومان بازاری قەیسەری بووەتە کۆکەرەوەی هەموو پیشە کۆنەکانی شاری هەولێر. هەڵبەتە لەوانەش کاری چەقۆ تیژکردن. کە پێیان دەوترێت چەخماخچییەکان. لە ئێستاشدا تاکە چەقۆ تیژکەرەوە و چەخماخچی لە بازاری قەیسەری وەستا نەبیل جەلال چەخماخچییە، کە بە وتەی خۆی بەتەبای راگەیاند، لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە لەلای حاجی حەمید ئەسوەد چەخماخچی کاریکردووە وە تاکو ساڵی ٢٠٠٥ لەلایبووە. وەستا حەمید کارەکەی بەهەموو شێوازێکەوە فێرکردووە. کارەکە هونەری خۆی هەیە و هەموو کەس ناتوانێت ئەم کارە بکات. وەستا نەبیل لە ساڵی ٢٠٠٥ ویستوویەتی ژیانی هاوسەرگیری پێکبهێنێت بۆیە بە حاجی حەمیدی وتووە کە چیتر ناتوانێت لەلای وەک شاگردێک بمێنێتەوە چونکە بە کاری شاگردی ئابووری ماڵێك ناسوورێتەوە. بۆیە مۆڵەتی لە وەستا حەمیدی وەرگرتووە بۆ دانانی دوکانێکی تایبەت بە خۆی. هاوکات وەستاکەی نەبیل هەردەم پشتگیری نەبیل-ی کردووە و و پێی وتووە کە هەرچی پێویستی بێت ئامادەیە.

“وەک رێزێک بۆ وەستاکەم تاکو ئەو لە ژیان بوو من ئەم پیشەیەم نەکرد”

وەستا نەبیل ئەوەشی خستەڕوو، “بە حاجی حەمیدم وتبوو تاکو ئەو لە دونیادا مابێت من ئەو پیشەیە ناکەم و پاشان دوکانی مۆبایلم کردەوە و لەسەر ئەم کارە بەردەوامبووم. بەڵام کە حاجی حەمید لە ساڵی ٢٠٢٠دا کۆچی دوای کرد وەک رێزێک لەدوای شەش مانگی تر دەستم کردەوە بە پیشەکە. پێش کۆچ کردنی چوومە لای و پێی وتم کە دەبێت دووبارە دەست بەو پیشەیە بکەمە نەوەک خەڵکی تر بێت ناوبانگی کارەکە لەکەدار بکات. منیش پێم وت کە من بەڵێنەکم داوە کە وەک رێزێک تاکو تۆ لە ژیان مابیت من ئەم پیشەیە ناکەم، بەڵام پاش کۆچی دوای کردنی تۆ دەیکەم. ئێستا کە لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە دەستم بەو کارە کردووە و خەڵک لە کارەکانم رازین. چونکە کاتێک کە کارەکە دەکەم بۆ خەڵک نایکەم بۆ خۆم دەیکەم. گەر ئێستا کەسێک چەقۆیەکم بۆ بێنێت وا کاری لەسەر دەکەم کە وەک ئەوەی هی خۆم بێت. لەخوا بەزیادبێت پێویستم بەو  کارە نییە بەڵام کارکردنم لەم بوارە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە ئەم پیشەیەی دەیکەم زۆر کەمبووەتەوە. لە هەولێر شتێک کەمببێتەوە دووبارە زیندووکردنەوەی ئەستەم دەبێت. منیش هەڵستام بە کردنەوەی ئەم دوکانە و دووبارە دەستپێکردنەوە بە پیشەکەی خۆم”.

لەبارەی بازاری ئێستا و کۆن وەستا نەبیل چەخماخچی وتی، “بازاری ئێستا و کۆن زۆر جیاوازی هەبوو بەتایبەت لە کوالێتی کاڵاکان، چونکە چەقۆ و مەقەسی ئەوکات زۆر باشتربوو لە ئێستا. ئەوانەی ئێستاش کوالێتییان زۆر خەراپە، بەڵام من چەقۆکانم لە تورکیا دەهێنم چونکە خۆم دەچم چەقۆکان هەڵدەبژێرم و دەیهێنم. دەسکی چەقۆ لە سەرەتادا بە دار دروستدەکرا، پاشان بوو بە پلاستیک. بەڵام ئەویش بۆ قەسابەکان باش نەبوو چەقۆکە لە دەستیان دەخلیسکا. من بۆ ئەو قەسابانە چەقۆی سلیۆکنم دەهێنا. سەبارەت بە مەقەسیش هاورێیەکم هەیە لە چین، لە رێگەی ئەوەوە مەقەسی چینی کوالێتی بەرز دەهێنم و خەڵکەکە بە خۆشحاڵییەوە بەکاریدەهێنن. لەگەڵ ئەوانەشدا چەقۆی بڕینی گۆشتیش دەهێنم و لەسەر خواستی کەسەکان کاری چاکردنەوەش دەکەم. “

“تا من لە ژیاندابم ناهێلم ئەم پیشەیە کۆتایی پێبێت”

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، “لە ئێستادا شاگرد و کرێکارم نییە بەڵام پێویستە ئەم پیشەیە بەردەوام بێت، تا من لە ژیاندابم ناهێلم ئەم پیشەیە کۆتایی پێبێت، لەخوا بەزیادبێت دوو کوڕم هەیە هەرنەبێ یەکێکیشیان فێری ئەم پیشەیە بکەم بەسە. چونکە بابەتەکە خزمەتکردنی خەڵکی خۆمانە، لەراستیدا گەر کەسێکی بیانی بهێنی بۆ ئەم پیشیە رێز لە کارەکە ناگرێت. کاتێک من لە لای حاجی حەمید شاگردبووم بەمنی دەوت کاتژمێر حەوتی بەیانی لە دوکان بە، من نیو کاتژمێر پێش حەوت لە دوکان دەبووم. دوکانەکەی ئەو کاتی وەستا حەمید لە ناو زێرنگرانی بازاری قەیسەریبوو.”

سەبارەت بە وەستا حەمید چەخماخچی، نەبیل چەخماخچی رایگەیاند، “دەتوانم بڵێم کە کەسێکی زۆر باشبوو، لە تەمەنی حەوت ساڵیەوە لەگەڵ باوکی ئەم کارەی دەکرد. لەسەردەمی وەستا حەمید کاڵاکان لە دەرەوەی وڵات هەناردە نەدەکرا بەڵکو خۆیان چەقۆیان دروستدەکرد. هەرچەندە لە مەقەسیش کەسێکی لێهاتووبوو لەگەڵ ئەوەشدا کاری چەکیشی دەکرد، لەکاتی خۆیدا فیشەکی چەکەکان زۆر نەبوو بۆیە خەڵک دەهات لەلای وەستا حەمید فیشەکەکانی پردەکردەوە. پاشان لەگەڵ زۆربوونی فیشەک وازی لە کاری فیشەک هێنا بەڵام کەس نەبوو وەک وەستا حەمید لە کارەکەی لێهاتوو و وردبێت.”

وەستا نەبیل دەشلێت، “بازاری چەقۆ تیژکردن ئێستاش بەردەوامە، چەقۆ و مەقەسم بۆ دێت لە دەرەوەی هەولێر بۆ تیژکردنیان دەیهێنن بۆ لای من. سەبارەت بە چوقۆ دروستکردنیش بەهۆی زۆری تێچووەکەیەوە دروستی ناکەم،  لەلایەکی دیکەوە لە دەرەوەی وڵات چەقۆی زۆر جوانتر دەهێنم کە وەک ئەوە وایە بەدەست دروستکراوە. چەقۆم هەیە نرخی تاکو ٨٥ هەزار دینارە. ئەم چەقۆیانە پەیوەستە بە کەسەکان، چونکە هەیە شێفە لە خواردنگە بەناوبانگەکان یان هەیە قەسابە. جارێکیان بۆ چەقۆیەکی تابیەت چوومە کارگەیەکی چەقۆ لە غازیعەنتاب کە لە بۆربەرینی بزوێنەری ئۆتۆمبێل چەقۆیان دروستدەکرد. فرۆشیارەکە پێی وتم ١٥٠ سەر مەڕی پێببڕە گەر تیژی چەقۆکە نەما ئەوا من پێنچ دانەی ترت بۆ دەینم. بەڵام من لە هەولێر ناتوانم ئەم چەقۆیە بفرۆشم چونکە ئەو ئاژەڵانەی کە هاوردە دەکرێتە هەولێر زۆربەیان هیندی و جۆرجیە و ئەوانەش پێستیان ئەستوورترە، ئەوانەی تورکیا ئاژەڵەکانیان خۆیان بەخێودەکەن و باشترە. “

لەکۆتایی قسەکانیدا وەستا نەبیل چەخماخچی چەخت لەسەر پیشەکان دەکات و دەڵێت: خەڵک پیشەکەی خۆی بە فیرۆنەدات، کاتێک کە کارێک ئەنجامدەدەت وا بیربکاتەوە کە بۆ خۆی کارەکە دەکات.

هەواڵ: ئەمیر دەمیرجی

En az 10 karakter gerekli