هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی جەخت لەسەر گرنگی میوانداریکردنی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغداد دەکاتەوە و پێی وایە بەهۆیەوە پێگە و ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکەدا بەهێزتر و باشتر دەکات.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، سەرکردەکانی هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا، دوایین پێشهاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانیان لە عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرد.
هاوكات، چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ئامادەکارییەکانی حکومەت بۆ لوتکەی عەرەبی کرا کە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە بەغداد بەڕێوەبچێت، میوانداریکردنی لوتکەکە دەبێتە هۆی باشترکردنی پێگە و ڕۆڵی عێراق لە ناوچەکەدا.
لەلایەکی دیکەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوون بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا کردەوە.