8 وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەن

8 وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەن

تەممووز 5, 2025 17:09
8 وڵاتی ئەندامی ئۆپێک پڵەس بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکەن
0

لایک

ئۆپێک پڵەس رۆژی شەممە رێککەوت لەسەر زیادکردنی بەرهەمهێنان بە بڕی 548 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا بۆ مانگی ئاب.

 پێشتر پێشبینی دەکرا زیادکردنەکە بەبڕی 411 هەزار بەرمیل نەوت بێت.

زیادکردنی بەرهەمهێنانەکە لەلایەن 8 ئەندامی گرووپەکەوە دەبێت کە بریتین لە سعوودیە، رووسیا، ئیمارات، کوێت، عومان، عێراق، کازاخستان و جەزائیر. 

 ئەم 8 وڵاتە لە مانگی نیسانەوە دەستیان بە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی 2.2 ملیۆن بەرمیلی نەوتی رۆژانەیان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە کەمکردبووەوە.

 بەپێی ئەو خشتەیەی ئۆپێک بڵاویکردووەتەوە، عێراق بۆ مانگی داهاتوو مافی هەیە رۆژانە تاوەکو 4 ملیۆن و 171 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت. 

لە کۆبوونەوەی پێشووی ئۆپێک پڵەس کە 5ی مانگی رابردوو بەڕێوەچوو و تایبەت بوو بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئەم مانگە (تەمووزی 2025)، پشکی عێراق رۆژانە 4 هەزار و 86 هەزار بەرمیل نەوت بوو.

 بەم پێیە، پشکی عێراق بە بڕی 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە زیادکراوە.

 بڕیارەکە تەنیا بەرهەمهێنانی نەوت دەگرێتەوە نەوەک هەناردەکردن.

 بڕیارە نوێیەکە بۆ مانگی ئاب، زیادبوونێکی بەرچاوە بەراورد بە مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمووز کە بڕی زیادکردنەکە 411 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا. لە مانگی نیسانیشدا تەنیا 138 هەزار بەرمیل زیاد کرابوو.

هەروەها ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە هەندێک لە ئەندامانی ئۆپێک پڵەس وەک عێراق و کازاخستان، زیاتر لە ئاستی دیاریکراوی خۆیان نەوتیان بەرهەمهێنابوو، ئەمەش ئەندامەکانی دیکەی نیگەران کردبوو کە پابەندی کەمکردنەوەی بەرهەم ببوون. 

 هاوکات بڕیارە 8 ئەندامە سەرەکییەکەی ئۆپێک پڵەس لە سێی ئابدا کۆبوونەوەی داهاتوویان ئەنجام بدەن.

En az 10 karakter gerekli