رۆژی هەینی، ڕێكەوتی 07ـی ئاداری 2025، لە ناوچە کەناراوییەکانی سووریا، شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی تووند لەنێوان سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە رژێمی پێشووی سووریا روویداوە.
بەگوێرەی سەرچاوەكان، رۆژی پێنجشەممە، شەڕ لە شارەکانی لازقییە، جەبلە، تەرتووس لە رۆژئاوای سووریا کە پێگەی بەهێزی عەلەوییەکانی سووریایە روویداوە، تەنیا لە دەورووبەری شاری جەبلە لە رۆژی پێنجشەممەدا، 48 کەس کوژراون.
لەو 48 کەسەی کوژراون 16ـیان سەر بە لایەنگرانی ئەسەد بوون و 28ـیشیان سەربازی سووریا بوون، لەگەڵ چوار کەسی سڤیل.
ئەو شەپۆلە نوێیەی پێکدادانەکان، تووندوتیژترین شەڕوپێکدادانە لەدوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد.
بەرپرسانی سەربازی سووریا ڕایانگەیاندووە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ژمارەیەک لە چەکدارانی نزیک لە بەشار ئەسەد، هەڵیانکوتاوەتە سەر ژمارەیەک لە خاڵی پشکنینی سوپا لە دەورووبەری شاری لازقییە، دواتر شەڕەکە فراوانتر بووە بۆ شاری جەبلە.
بەرپرسێکی ئەمنی سووریا ڕایگەیاندووە، “ژمارەیەک زۆر لە هێزەکانمان شەهیدبوون و برینداربوون، بەڵام هەوڵدەدەین ئەو گرووپانە لەو ناوچانە بنبڕ بکەین و ئاسایش و ئارامی بگەڕێنینەوە بۆ خەڵکەکەمان.”