سبەی شاندێكی دیوانی چاودێری دارایی عیراق بەمەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەكان و خەرجی و داهاتی سێ مانگی هەرێمی كوردستان، سەردانی هەولێر دەكات.
میدیای نزیك لە پارتی بڵاویكردەوە، بڕیارە سبەین شەممە، شاندێكی دیوانی چاودێری داریی عیراق سەردانی هەولێر بكەن و رۆژی یەكشەممە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان وردبینی لە لیستی مووچەی هەردوو مانگی چوار و پێنج-ی هێزە ئەمنییەكان و خەرجی و داهاتی سێ مانگی هەرێمی كوردستان بكەن.
ئاماژە بەوەشكراوە، دوای تەواوبوونی راپۆرتی دیوانی چاودێری، ناوەكان بە كۆد رەوانەی بەغدا دەكرێت بۆ ئەوەی مووچەی دوو مانگی هێزە ئەمنییەكانی هەرێم خەرجبكرێت و لەگەڵ تەواوكردنی وردبینی لە داهات و خەرجییەكانی سێ مانگی رابردووی هەرێم، راپۆرتەكە دەدرێتە هەردوو حكوومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان.
بەهۆی گرفتی نێوان هەرێم و بەغدا، تائێستا حكومەتی عیراق مووچەی مانگی نیسان-ی پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی نەناردووە.