ئەمڕۆ شەممە، ٢ـی ئایاری 2026، لە پیرمام، سەرۆك بارزانی پێشوازی لە عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و شاندێكی چوارچێوەی هەماهەنگی كرد.
دەقی ڕاگەیەندراوی بارەگایی بارزانی لە بارەی کۆبوونەوەکەوە
لە كۆبوونەوەكەدا باس لە پێویستیی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەت كرا بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبوون بەماوە دەستوورییەكانەوە.
هەر لە كۆبوونەوەکەدا، مەسعود بارزانی باسی لە دوایین پێشهاتەكان كرد و جەختی لە پێویستیی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە لە چوارچێوەی دەستوودا.
مەسعود بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە جێبەجێكردن و پابەندبوون بەدەستوور چارەسەری سەرەكییە و داواشی كرد لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا هەموو لایەك پابەندی دەستوور بن.
لە بەشێكی تری كۆبوونەوەکەدا بەڕێز عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، جەختی لە پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەكانی ڕابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەكی نوێی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە، هاوکات لەگەڵ شاندی یاوەری داوایان كرد كە كوتلەی پەرلەمانی و حكوومیی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشدارییەكی چالاكانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێكهێنانی حكوومەتی فیدڕاڵ بگەڕێنەوە بەغداد.