عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە پیت هیگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکاوە پێگەیشت و باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٦ی ئایاری ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری جەنگی ئەمریکا پیت هیگسێس پێگەیشت، کە تێیدا پیرۆزبایی لێکرد بەبۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ.
ئاماژە بەوەشکرا، لە میانی پەیوەندییەکەدا، باس لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا کرا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە هەماهەنگی ئەمنییەوە هەیە، بەپێی ئەوەی لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکاندا هاتووە.
ئەوەشخرایەڕوو، لە پەیوەندییەکەدا جەخت لە تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگیی کارکردن بۆ دووبارە کاراکردنەوەیان لە بواری مەشق و ڕاهێناندا کرایەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای هێزە چەکدارەکانی عێراق و بەرزکردنەوەی ئاستی کارامەییان.