ئەمڕۆ سێشەممە، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشدارییان لە بارودۆخی ژینگەیی وڵات دا و داوای ڕاگەیاندنی باری نائاسایییان کرد بۆ پرسی ئاو بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی پیسبوون لە ڕووباری دیجلەدا.
مەحموود فالح شمەری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی پیسبوونی ڕووبارەکانی دیجلە و دیالە پێکهێنراوە و داوای لە پارێزگا زیانلێکەوتووەکان کردووە سکاڵای یاسایی دژی لایەنە کەمتەرخەمەکان تۆمار بکەن.
شمەری ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی جیهان کە زۆرترین کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوای لەسەرە، بەڵام تا ئێستا سوودی پێویستی لە سندوقە نێودەوڵەتییەکان وەرنەگرتووە. هاوکات ڕەخنەی لە نەبوونی پڕۆژەی دووبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوەکان گرت و ئاماژەی بە مەترسییەکانی سووتاندنی خاشاک لە باشووری ناوچەی نەهرەوان کرد کە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە ناوچە نیشتەجێبوونەکانی وەک بسمايە.
لە لایەکی ترەوە، یوسف کلابی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لە پێویستی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی کردەوە و ئاشکرای کرد کە نزیکەی ٢٤ سەرچاوەی پیسکەر لە ڕێگەی ئاوەڕۆکانی بەغدادەوە دەڕژێنە ناو ڕووباری دیجلە.
کلابی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕووباری دیالە بەهۆی پاشماوە قورس و شلەکانەوە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پیسبوون و لە کاتی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاودا ئەم پیسییانە دەگوازرێنەوە بۆ ناو دیجلە. هەروەها باسی لە پڕۆژەی “عەتارییە” کرد کە پێشتر تەواو ببوو بەڵام دوای ساڵی ٢٠٠٣ بەهۆی تێکدان و دزییەوە لەکارکەوتووە، ئەمەش وایکردووە ئاوی ئاوەڕۆ ڕاستەوخۆ بڕژێتە ناو ڕووبارەکان.
لیژنە پەرلەمانییەکە جەختیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسێیە کە بووەتە هەڕەشەیەکی ستراتیژی بۆ سەر ئاسایشی تەندروستی و ئاوی وڵات.