وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان هەنگاوێک بۆ ئاسایشی ئاو دەنێت

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان هەنگاوێک بۆ ئاسایشی ئاو دەنێت

ئایار 4, 2026 12:15
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان هەنگاوێک بۆ ئاسایشی ئاو دەنێت
0

لایک

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق پلانێکی بۆ دروستکردنی ٤٠ بەنداو لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات ئامادە کردووە، بە مەبەستی زیادکردنی یەدەگی ئاو و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ئاو لەسەر ئاستی دوورمەودا.

ویسام خەڵەف عوبەیدی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی بەنداو و کۆگاکان لە وەزارەت، لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمی ڕایگەیاندووە کە وەزارەت پلانێکی بۆ دروستکردنی ٣٦ بۆ ٤٠ بەنداو بە مەبەستی “کۆکردنەوەی ئاو” لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات داڕشتووە.

عوبەیدی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانج لەم پڕۆژانە سوودوەرگرتنە لە ئاوی باران و لافاو لە وەرزی زستاندا، بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا لە بەرنامەکانی گەشەپێدانی کشتوکاڵی و بوارەکانی دیکەدا بەکاربهێنرێن.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە دیزاینی بەنداوەکانی (ئەلئەبیەز، ئەلحەرز و ئەبو تاقییە) کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی عێراق و تورکیادان، گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، پڕۆژە هاوشێوەکانی دیکەش هێشتا لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان.

عوبەیدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم بەنداوانە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ گەشەپێدانی ئابووری خۆجێی، بوژانەوەی گەشتیاری، تێرکردنی ئاوە ژێرزەوییەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتەکانی ئاژەڵداری و کشتوکاڵ.

سەبارەت بە دۆخی ئێستای ئاو، عوبەیدی ئاشکرای کردووە کە یەدەگی ئاو لە عێراق بەراورد بە ساڵی ڕابردوو باشتر بووە و بڕی ئاوی کۆگاکراو ٢٠ ملیار مەتر سێجای تێپەڕاندووە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ڕێژەی پڕبوون لە بەنداوەکانی دەربەندیخان و حەمرین گەیشتووەتە ١٠٠٪، دەریاچەکانی دوکان و عەزێمیش لە لێواری پڕبوونی تەواوەتیدان. بەنداوی مووسڵیش گەیشتووەتە ئاستێکی سەلامەت.

سەبارەت بە ڕووباری فورات، عوبەیدی وتی کە دۆخی کۆگاکردنی ئاو لە بەنداوی حەدیسە و دەریاچەی حەبانییە لە پارێزگای ئەنبار باشە. هەروەها بڕی ئەو ئاوەی لە سووریاوە دێتە ناو عێراق وردە وردە باشتر بووە و لە ئێستادا گەیشتووەتە ٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا.

لە کۆتاییدا سەبارەت بە پڕۆژەی “بەربەستی ئاو” لەسەر شەتولعەرەب لە بەسرا، عوبەیدی ئاماژەی بەوە کرد کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵی دوو شوێنی (ڕەئس ئەلبيشە لە فاو و دوورگەی ئوم ڕەساس)ی وەک شوێنی ئەگەر بۆ دروستکردنی بەربەستەکە دەستنیشان کردووە و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەنجامە کۆتاییەکان لە کۆنفرانسێکی تایبەتدا لە بەسرا ڕادەگەیەنرێن.

En az 10 karakter gerekli