ئەمڕۆ دووشەممە، ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٦، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی عێراق، ڕایگەیاند، داخستنی ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکاندا بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێری تر درێژکرایەوە و بڕیارەکە فڕۆکەکانی هاتوو، رۆیشتوو و تێپەڕبوو دەگرێتەوە.
بڕیارەکە لە کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ١٦ـی ئاداری ٢٠٢٦ بە کاتی گەردوونی – UTC) دەست پێدەکات و تاوەکو کاتژمێر ١٢:٠٠ـی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت. ئەمەش وەک رێکارێکی کاتی و بۆ خۆپارێزییە.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی، روونیشی کردەوە، ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ دۆخی ئەمنی و پێشهاتەکانی ناوچەکە دراوە. هەروەها بەپێی گۆڕانکاری و پێشهاتە نوێیەکان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت. لە داهاتووشدا هێڵە ئاسمانییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر نوێکاری و گۆڕانکارییەک ئاگادار دەکرێنەوە.
هەروەها لە کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠٢٦ـەوە گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێوە. بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەکانی تاران، مەترسییەکی گەورە لەسەر سەلامەتیی هاتوچۆی ئاسمانی دروست بووە.
هاوکات عێراق بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی و بوونی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران، چەندین جار ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە مەدەنییەکاندا داخستووە. ئامانج لەم رێکارانەی حکوومەتی عێراق تەنیا پاراستنی سەلامەتیی گیانی گەشتیاران و فڕۆکەوانەکانە لە مەترسیی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان چەندین وڵاتی تری ناوچەکەش رێکاری هاوشێوەیان گرتووەتە بەر و گەشتە ئاسمانییەکانیان راگرتووە.