وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی گەنم لەمساڵدا بگاتە چوار ملیۆن تۆن و ئەو رێژەیەش زیاتر لە 85%ی پێداویستییەکانی ناوخۆ دابیندەکات.
حەیدەر نوری کەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی رایگەیاند، “بەرهەمی گەنم لە ساڵی رابردوودا واتە ساڵی 2022 دوو ملیۆن و 200 هەزار تۆن بووە، لەکاتێکدا عێراق پێویستی بە چوار ملیۆن و 600 هەزار تۆن هەیە، بۆیە بەرهەمی گەنمی ساڵی رابردوو 40%ـی پێویستی ناوخۆی دابینکرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، پاڵپشتی حکومەت زۆرە لەڕێگەی کڕینی گەنمی خۆماڵی بەبڕی 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، لەکاتێکدا کڕینی گەنمی ئوسترالی ئێستا بڕی 650 هەزارە بۆ هەر تۆنێک، بۆیە ئەم پاڵپشتییەی حکومەتە هانی جوتیاران دەدا بۆ چاندن جگە لەو بارانبارینە بەخوڕانەی لە ساڵی ئێستای 2023 هەبووە، کە ئەویش یارمەتیدەر بوە بۆ زیادکردنی ناوچە چێنراوەکانی گەنم.
وتیشی، “چاوەڕوانیەکانی وەزارەتی کشتوکال لەبڕی بەرهەمهێنانی گەنم بۆ ئەمساڵ دەگاتە چوار ملیۆن تۆن، بۆیە عێراق پێویستی تەنها بە 600 هەزار تۆنی دیکە دەبێت کە لەدەرەوە هاوردەی بکات، بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ناوخۆ، چونکە بڕی بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر لە 85%ی پێداویستییەکان دابیندەکات”.