ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەمین کاروانی ترانزێت لە تورکیاوە بەرەو خاکی عێراق لە ڕێگەی دەروازەی یەعڕووبییەی سووریاوە تێپەڕی.
مازن عەلوش، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازەکان و گومرگی سووریا ڕایگەیاند کە ئەم تێپەڕبوونە کە لە جۆری خۆیدا یەکەمینە، ڕۆڵی سووریا وەک تەوەرێکی لۆجستی بۆ بەستنەوەی بازاڕەکانی وڵاتانی ناوچەکە دەچەسپێنێت.
عەلوش ڕوونی کردەوە کە هاتووچۆی ئەم کاروانە لە چوارچێوەی ئەو هەنگاوە بەردەوامانەدا دێت کە دەستەی گشتیی دەروازەکان و گومرگ بۆ سەرلەنوێ چالاککردنەوەی ڕێڕەوەکانی ترانزێتی نێودەوڵەتی و بزووتنەوەی گواستنەوە و ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ناوچەیی لە ڕێگەی خاکی سووریاوە ئەنجامی دەدات، کە ئەمەش بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سووریا “سانا”، ڕەنگدانەوەی ئەرێنی بەسەر بزووتنەوەی بازرگانی و زنجیرەکانی گواستنەوە و دابینکردندا دەبێت.