وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو هێرشانەی کراوەتە سەرمان، دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٦ـی ئایاری ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ وانگ یی، هاوتا چینییەکەی لە پەکین ڕایگەیاند، چین دۆستێکی نزیکی ئێرانە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لەم هەلومەرجەی ئێستادا زیاتر و بەهێزتر دەبن.
لە دیدارەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوێستەکانی چین بەرز نرخاند سەبارەت بە ئیدانەکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، راشیگەیاند، “ئەو هێرشانەی کراوەتە سەرمان، دەستدرێژییەکی ئاشکرا و پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.”
عێراقچی سەبارەت بە پرۆسەی دیپلۆماسیش وتی: “لە دانوستانەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە رەواکانمان و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هیچ شتێک رازی نابێت جگە لە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و گشتگیر.”
لە بەرامبەردا، وەزیری دەرەوەی چین ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵەکانیان بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، وانگ یی راشیگەیاند، وەدیهێنانی ئاگربەستێکی تەواوەتی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە، و هۆشداریشیدا لەوەی کە ناوچەکە بە قۆناغێکی چارەنووسساز و هەستیاردا تێدەپەڕێت.