حاجیانی هەرێم دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەردەگرن

حاجیانی هەرێم دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەردەگرن

ئایار 14, 2025 17:08
حاجیانی هەرێم دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی وەردەگرن
0

لایک

بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان – عێراق ڕایدەگەیەنێت، حاجیانی کوردستان 2000 دولاریان بە نرخی بانکی ناوەندی، كە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە، پێ‌ دەدرێت و لەمڕۆوە لە بانكی جیهان پێدانی دۆلار بە حاجییان دەستپێدەكات.

كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان ڕایگەیاند، بە هەوڵی بەردەوامی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان – عێراق لەگەڵ بانکی ناوەندی فیدڕاڵ و بە مەبەستی گۆڕینەوەی 2000 دولار بۆ هەر حاجییەک بە نرخی 132000 لەمڕۆوە حاجیان دەتوانن سەردانی لقەکانی بانکی جیهان بکەن بە مەبەستی سوودمەندبوونیان لەو بڕە پارەیە.

ڕاشیگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری گۆڕینەوەی 2000 دولار واتە 20 وەرەقە بۆ هەر حاجییەک، بەرێوەبەری گشتی حەج و عومڕە هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان تاوەکو ئەم بڕیارە حاجیانی کوردستان بگرێتەوە، ئەوەبوو دوای چەندین رێککاری یاسایی و کارگێری ئەمڕۆ لە لایەن بانکی ناوەندی حکومەتی فیدراڵەوە بڕە پارەی پێویست بە دولار خرایە سەر بانکی جیهان تاوەکو بە نرخی بانکی ناوەندی بۆ هەر حاجییەک 20 وەرەقە بگوڕدرێتەوە.

هەروەها دەشڵێت: هەموو داتایەکیان داوەتە بانکی جیهان و هەر حاجییەک بیەوێت پارەکە بگۆڕێتەوە پێویستە پاسپۆرت و ڤیزاکەی لەگەڵ خۆی ببات و نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت و لقەکانی بانکی جیهان لە هەولێر (ئەربیل) و سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر (ئەربیل) بکەن بۆ ئەم مەبەستە.

هاوکات ڕوونیشی كردەوە، هەر حاجییەک زیاتر لە 200 هەزار دینار بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر دولار لە بازاڕ بکرێت، کە لەم کارەدا 5136 حاجی سوود مەند دەبن، ئەگەر هەموو حاجییەکان بڕە پارەکە بگۆڕنەوە کۆی سوودەکە بۆ حاجیانی کوردستان زیاتر دەبێت لە یەک ملیار دینار عیراقی.

بە پێی ئەو کاتانەی، کە دیاری کراوە لە شەفتی بەیانیان کاتژمێر 9 بەیانی تاوەکو 12 نیوەڕۆ و شەفتی ئێواران کاتژمێر 3 ئێوارە تاوەکو 5 ئێوارە و شەفتی سێیەم کاتژمێر 7 شەو تاوەکو 10:30ی شەو لقەکانی بانکی جیهان کراوە دەبن.

En az 10 karakter gerekli