بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 05-04-2023، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە لە شاری هەولێر(ئەربیل) کۆببنەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00، بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری هەولێر لەگەڵ شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆببنەوە و باس لە پرسی لابردنی ئاستەنگییەکانی بەردەم هەڵبژاردن بکرێت و رێککەوتوون کۆمیسیۆنەکە وەکو ئێستا هەموار بکرێتەوە.
جێی باسە، رۆژی 08-03-2023، بۆ جاری دووەم بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە. هەروەها سێ رۆژ دواتر و لە 11ی ئادار، پێکەوە لەگەڵ هەشت لایەنی سیاسیی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانی کۆبوونەوە و لەسەر چەند خاڵ و بڕگەیەکی تایبەت بە هەڵبژاردن رێککەوتن.
رۆژی 26-03-2023، دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا مەرسوومی سەرۆکی هەرێمی بۆ دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن خستەڕوو و رایگەیاند، سەرۆکی هەرێم، بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005ـی هەموارکراو کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمە، رۆژی 18-11-2023ـی وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە.