راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی رایگەیاند کە ھێشتا وڵاتەکەی بۆ باشترکردنی ئاسایشی، بەدیھێنانی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، پێویستی بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەیە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، قاسم ئەعرەجی لە ١٢ھەمین کۆبوونەوەی گەورە بەرپرسانی وڵاتان لەبارەی پرسی ئاسایش کە لە شاری سانت پیتەرسبورگ لە رووسیا، بەڕێوەدەچێت، وتوویەتی: ” پەیامی عێراق بۆ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، پەیامێکی دڵنیاکردنەوەیە کە گەلەکەمان ئاڵنگارییەکانی توندوتیژی و تیرۆر و تێپەڕاندووە و ئێستا بە ئاراستەی ڕێگای ئاشتی و گەشەپێدانی ھەنگاو دەنێت”.
بەپێی راگەیاندراوەکە، ھەروەھا راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، ڕایگەیاندووە: “ئێمە بە پەرۆشین، بۆ ئەوەی پاڵپشتی لە ئابووری، گەشەپێدان و پەروەردە و جومگەکانی دیکە بکرێت کە پەیوەندیدارن بە داھاتووی عێراقییەکان، تا بتواندرێت قەیرانەکان بگۆڕدرێن بۆ دەرفەتەکانی سەرکەوتن”.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ھێشتا وڵاتەکەی بۆ باشترکردنی ئاسایشی، بەدیھێنانی سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوام، پێویستی بە پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھەیە.