ئێران بۆ UN: بەردەوام دەبین تاکوو دەستدرێژییەکان تەواو دەبێت

ئێران بۆ UN: بەردەوام دەبین تاکوو دەستدرێژییەکان تەواو دەبێت

ئازار 1, 2026 17:18
ئێران بۆ UN: بەردەوام دەبین تاکوو دەستدرێژییەکان تەواو دەبێت
0

لایک

عەباس عێراقچی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و جەیمس کاریۆ، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش کردووه‌ و بەتوندی سه‌ركۆنه‌ی هێرشە چەکدارییە هەماهەنگ و بەربڵاوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، ده‌ڵێت، “ئێران بە ئیرادەوە بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی مافی به‌رگریكردن له‌ خۆی تا ئەوکاتەی دەستدرێژی بە تەواوی کۆتایی دێت

عەباس عێراچی نامەیەکی ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس كردووه‌ و تیایدا روونیكرده‌وه‌، هێرشه‌كانی ئیسرائیل و ئه‌مریكا ژماره‌یه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌كانی به‌رگری و شوێنی مه‌ده‌نی له‌ شاره‌ جۆراوجۆره‌كانی له‌ ئێران كردوه‌ته‌ ئامانج، كه‌ پێشێلكاری ئاشكرای سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی خاكی ئێران.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل پێشێلکارییەکی ڕوونی مادەی (٢)ی بڕگەی چوارەمی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان نیشان دەدەن و نموونەیەکی ڕوونی دەستدرێژی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌.

عێراقچی باس له‌وه‌كردوه‌، لە بەرامبەر ئەو کردەوە دەستدرێژییە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێی مادەی (٥١)ی کارنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی خۆپاراستن و ڕەوای خۆی بەکاردەهێنێت و هێزە چەکدارەکانی ئێران هەموو توانا و ئامڕازە بەرگرییە پێویستەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارییە به‌كارده‌هێنن و ڕێگری لە کردەوەی دوژمنکارانەی زیاتر دەکەن.

عێراقچی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش نوسیویه‌تی، “ئێران بە ئیرادەوە بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی مافی به‌رگریكردن له‌ خۆی تا ئەوکاتەی دەستدرێژی بە تەواوی کۆتایی دێت”.

وەزیری دەرەوەی ئێران له‌ نامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، “بەرپرسیارێتی تەواو و راستەوخۆ لە هەموو دەرئەنجامەکانی سەرهەڵدانی ئەو کارە نایاساییانە، لەوانەش هەر پەرەسەندنێکی ئەگەری لە ئەستۆی دەستدرێژکارانی ئەمریکی و زایۆنیدایە”، ناوبراو بەرپرسیارێتی سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشی دوپاتکردەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی دەستبەجێ سەبارەت بە پێشێلکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە سەربازییە ئاشکرایە دروست دەبێت.

عێراقچی داوای کردووه‌ دانیشتنێکی خێرای بە پەلەی ئەنجومەنی ئاسایش بەڕێوەبچێت بۆ ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هەڕەشەیەکی واقیعی و جیددی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی بزانن و ڕێوشوێنی پێویست و بەپەلە بۆ ڕاگرتنی بەکارهێنانی نایاسایی هێز و لێپرسینەوەی دەستدرێژکاران بگیرێتەبەر.

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووه‌ کە پابەندن بە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بە شێوەیەکی دوور لە دوو دڵی ئەو کردەوە دەستدرێژییە شەرمەزار بکەن و هەنگاوی دەستبەجێ و دەستەجەمعی بۆ بەرپەرچدانەوەی بگرنەبەر، جەختی لەوە کردەوە کە هەڕەشەیەکی بێوێنەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی.

لە کۆتایی نامەکەدا وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە کۆپییەکی بۆ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان ناردووه‌، داوای کردووە کە وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی ئەنجومەنی ئاسایش بڵاوبکرێتەوە.

En az 10 karakter gerekli