هەڵبژاردەی عێراق دەستکەوتێکی گەورەی لە جامی ئاسیادا بەدەستهێنا و بەسەرکەوتنێکی مێژوویی گەیشتە قۆناخی داهاتووی جامی ئاسیا.
لە دوایین یارییدا لە رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکاندا و لە کۆمەڵەی چوارەمدا، هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ڤێتنام لەسەر یاریگەی جاسم بن حەمەد رووبەڕووی یەکبوونەوە، عێراق بەهۆی ئەوەی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەرکردبوو، لە یارییەکەدا بەشێکی زۆری یاریزانە سەرەکییەکانی پشووپێدا و ئەو یاریزانانە بەشێوەی سەرەکی یارییاندەکرد کە لە دوو یاریی رابردوودا هەلی یارییکردنیان پێنەدرابوو.
عێراق لە جامی ئاسیای 2023 دوای بردنەوەکەی بەرامبەر ڤێتنام کۆمەڵێک ریکۆردی شکاند و مێژووی نووسییەوە، ئەیمەن حوسێن ریکۆردی یونس مەحموودی شکاندەوە و لاسایی ئەو ئەستێرەیەی پێشووی تۆپی پێی عێراقیشی کردەوە.
هەروەها عێراق بۆیەکەمجار لە مێژووی جامی ئاسیا هەر سێ یارییەکەی لە قۆناخی کۆمەڵەکان بردەوە، لەکۆی نۆ بەشداریکردنی لە مێژووی جامی ئاسیا هەرگیز شێرەکانی رافیدەین لە قۆناخی کۆمەڵەکان نۆ خاڵیان بەدەست نەهێنابوو، بۆیەکەمجار بە کۆکردنەوەی نۆ خاڵ لە سێ یاریدا پەڕینەوە قۆناخی 16.
ئەیمەن حوسێن بووە یەکەم یاریزانی عێراقی لە جامی ئاسیا لە هەر سێ یارییەکەی قۆناخی کۆمەڵەکان گۆڵ تۆمار بکات، بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ پێشەنگی گۆڵکارانی جامی ئاسیایە.
عێراق ژمارەی گۆڵەکانی لە مێژووی جامی ئاسیا گەیاندە 52 گۆڵ، رێبین سولاقا بەرگریکاری کلدانی هەڵبژاردەکە گۆڵی ژمارە 50ـی عێراقی لە مێژووی جامی نەتەوەکانی ئاسیا تۆمارکرد.
عێراق بۆ جاری نۆیەمین گەیشتە قۆناخی 16ـی جامی ئاسیا، شێرەکانی رافیدەین لەکۆی 10 بەشداریکردنیان لە مێژووی جامی ئاسیا تەنیا یەک جار نەگەیشتوونەتە قۆناخی 16، ئەویش لە یەکەم بەشداریکردنیان بوو لە پاڵەوانێتییەکە، ساڵی 1972 بوو.
ئەیمەن حوسێن بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق بووە خاوەنی 22 گۆڵ، بەپێش لەیس حوسێن کەوتەوە و بووە هەشتەمین گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەکە.
ئەیمەن حوسێن بووە یەکەم یاریزانی عێراق لە وەشانێکی جامی ئاسیا 5 گۆڵ تۆمار بکات، یونس مەحموود هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەکە لە جامی ئاسیای 2007 چوار گۆڵی تۆمارکردبوو.