ئەمڕۆ جارێکی دیکە نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و یەک بەرمیلی گەیشتەوە سەرو ١١٢ دۆلار و دواتر دابەزیەوە.
لە ئێستادا نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت بە ١٠٥ دۆلار و ٣٢ سەنتە. هاوکات یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسیش بە ٩٩ دۆلار و ٦٤ سەنتە.
لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بەوەی کە ئەمریکا سەرقاڵی دانوستاندنە لەگەڵ ئێران بۆ کۆتایی پێهێنان بە جەنگ، نەیتوانی دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی بازرگانان سەبارەت بە پچڕانی دابینکردنی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، بڕەوێنێتەوە.
هەنگاوەکەی ترەمپ بۆ پێدانی مۆڵەتی ١٠ رۆژ بە ئێران بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، نەبووە هۆی هێورکردنەوەی نیگەرانییەکانی پەیوەست بە دابینکردنی نەوت لە جیهاندا. سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکیدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندبوو، وتووێژەکان لەگەڵ ئێران “زۆر باش دەڕۆن” سەرەڕای “لێدوانە هەڵەکانی میدیا چەواشەکارەکان و لایەنەکانی دیکە”.